ئەنقەرە
پەرلەمانتاری ئیستەنبۆڵی بەدەپە سەباحەت توونجەل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند, لە رۆژانی ٢٦تا ٢٧ی ئەم مانگە یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان ساز دەکرێت و گوتی: "لە رۆژھەڵات کورد لە سەر ناوی بەدەپە و لە رۆژئاوای تورکیایش کورد لە سەر ناوی پارتی دیموکراتی گەلان بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات."
سەباحەت توونجەل لە بارەی جیابوونەوەی چەند پەرلەمانتارێکی بەدەپە رایگەیاند: "بۆ باشتر بەرێوەبردنی کاروبارەکان ھەر یەک لە سەباحەت توونجەل، سری سورەیا ئۆندەر، ئەرتوغروڵ کورکچو و لەڤەنت توزەل لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا لە سەر ناوی پارتی دیموکراتی گەلان دەچنەوە پەرلەمان.
توونجەل گوتی: "سەبارەت بە چۆنیەتی بەھێزترکردنی پارتی دیموکراتی گەلان گفتوگۆیەکی بەرفراوانمان کردووە و بڕیارمان داوە کە چەند پەرلەمانتارێکی بەدەپە بچنە نێو رێزەکانی ئەو پارتیە کە تازە دامەزراوە."
سەبەحات توونجەل لە بارەی ئەو کەسانەی کە دەبنە ئەندامی ئەو پارتە نوێیە رایگەیاند: دوای جەژن سەبارەت بە ئەندامەکانی ئەو پارتە دەست بە گفتوگۆیەکی بەرفراوانتر دەکەین.
تونجەل گوتی: "پارتی دیموکراتی گەلان پارتییەکە کە کورد تێیادا دەتوانێ درێژە بە تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی بدا، عەلەوی تێکۆشانی خۆیان بکەن و کرێکارەکانیش لەسەر خەباتی خۆیان بەردەوام بن."
سەبارەت بە چۆنیەتی کار و چالاکییەکانی خۆیان لە پەرلەماندا سەباحەت توونجەل رایگەیاند: پەرلەمانتارەکانی پارتی دیموکراتی گەلان و پەرلەمانتارەکانی بەدەپە لە نێو پەرلەماندا پێکەوە کار دەکەن و یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست دەبن.
لە لایەکی دیکە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبۆڵ لەڤەنت توزەل رایگەیاند: "بۆ ئەوەی ببم پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان، بڕیارمدا وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بمێنمەوە و لە کاتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان دەبمە ئەندامی ئەو پارتە."