بەپێی ڕاپرسییەک لە ئەمریکا، سەدا ٧٤ی دەنگدەرانی دژی ناردنی هێزی زەمینین بۆ سەر ئێران
Ankara
ئەنقەرە - AA
زانکۆی کوینپیاک لە ئەمریکا، ئەنجامی ڕاپرسییەکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپرسییەکە، سەدا ٧٤ی دەنگدەرانی ئەمریکا دژی ناردنی هێزی زەمینین بۆ سەر ئێران. سەدا ٦٢ی بەشداربووان پێیان وایە هۆکاری هێرشەکان بۆ سەر ئێران بە ڕوونی ڕانەگەیاندراوە، سەدا ٥٩یان ئاماژەیان بەوە کردووە پێویستە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی کۆنگرێس وەربگرێت. سەدا ٥٧ی دەنگدەران ناڕازین لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی ترەمپ، هەمان ڕێژەش (سەدا ٥٧) ڕەخنەیان لە سیاسەتی پەیوەست بە ئێران هەیە. هاوکات بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە و ئابووریش لەلایەن دەنگدەرانەوە بە نەرێنیی هەڵسەنگێندراوە.
هەر بەپێی ڕاپرسییەکە سەدا ٣٢ی ئەمریکییەکان پێیان وایە هێرشەکان چەند مانگێک دەخایەنێت، سەدا ١٣یان دەڵێن نزیکەی ساڵێک و سەدا ٢٦یشیان پێیان وایە زیاتر لە ساڵێک دەخایەنێت. سەدا ٧٤ی دەنگدەران نیگەرانن لەوەی شەڕ و پێکدادانەکان ببنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سەدا ٤٤ی بەشداربووانی ڕاپرسیەکە لەو بڕوایەدان ئەمریکا پشتیوانییەکی لەڕادەبەدەر لە ئیسرائیل دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، سەدا ٤٧ی بەشداربووان ناڕازین لە شێوازی کارکردنی وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕوبیۆ و، سەدا ٥٢یشیان لە ئەدای وەزیری بەرگریی، پیت هێگسێت ڕازی نین.
