Zein Khalil
05 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2024
قودس ــ AA
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی جەزیرەی لە ئیسرائیل، لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە پەسەند کراوە.
لەمبارەیەوە میدیای فەرمی ئیسرائیل لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھوی گواستووەتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی حکوومەتی ئیسرائیل، بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی جەزیرە لە ئیسرائیل خراوەتە دەنگدانەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ، بڕیارەکە پەسەند کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە پارتی "سەربازگەی دەوڵەت" بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل، بێنی گانتز ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.
ئەوەش خستووەتەڕوو کە بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) کە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی ڕابردوو ئەنجام درا، بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی جەزیرە لە ئیسرائیل بخرایە دەنگدانەوە، بەڵام سەرۆکی ئاژانسی ھەواڵگریی ئیسرائیل (Mossad)، دەیڤید بارینا و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (شاباک)، رۆنەن بار دژی پەسەندکردنی بڕیارەکە بوون، چونکە پێیان وابوو کە پەسەندکردنی بڕیارەکە زیان بە ھەوڵەکانی نێوەندگیری قەتەر بۆ ئازادکردنی دیلەکان، دەگەیەنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٣، پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، یاسایەکی لەبارەی قەدەغەکردنی پەخشی کەناڵی جەزیرە لە ئیسرائیل پەسەند کرد.