Zana Natık Kerem
06 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2019
جاکرتا ــ AA
بوومەلەرزەیەک بەگوڕی پێنج پلە بەپێوەری رێختەر، ھەرێمی مالوکو باکووری ئیندۆنێزیای ھەژاند و بەپێی ئامارە بەراییەکان ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
دەستەی کەشناسی و جیوفیزیایی ئیندۆنێزیا راگەیەندراوێکی لەبارەی بوومەلەرزەکە بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە کە چەقی بوومەلەرزەکە بە دووری ٣٩ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژھەڵاتی ھەرێمی مالوکو باکووری ئەو وڵاتە بووە.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ٣٣ کیلۆمەتر لەژێر زەوی روویداوە.
دەستەی ناوبراو ھیچ ھۆشدارییەکی لەبارەی روودوانی تسونامی بە ھۆی بوومەلەرزەکەوە نەداوە، ھەروەھا راشیگەیاندووە کە بەپێی ئامارە بەراییەکان، بوومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
ئاماژە بەوەدەکرێت کە تەنھا لە ساڵی رابردوودا، ١١ ھەزار و ٥٧٧ بوومەلەرزە لە ئیندۆنێزیا روویاندابوو.
ئیندۆنێزیا دەکەوێتە سەر ھێڵی بوومەلەرزەی زەریای ھێمن و ناوە ناوە رووبەڕووی روودانی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانەکان دەبێتەوە.