Hemn Baban
06 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2019
ھەولێر-AA
پیشانگای کەلوپەلی میسریی لە ھەولێر بۆ ماوەی ١٢ رۆژ دەخایەنێت.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پیشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەمڕۆ لە پاڵ کردنەوەی پیشانگای تایبەت بە ئۆتۆمبێل لەنێو پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر پێنجەمین پیشانگای تایبەت بەکەلوپەلی میسرییش کرایەوە، لەم پیشانگایەدا نزیک بە ٧٠ کۆمپانیا بەشدارن".
عەبدوڵڵا ئەحمەد سەبارەت بە کۆمپانیاکانیش گوتی: "لە زۆر بواردا ھەن، لەنێویاندا لە بواری خواردەمەنی و کەلوپەلی ناوماڵ و جوانکاری و پێداویستی دیکەی وەکو جلوبەرگ و مۆبیلیات و چەند جۆرێکی دیکەش ھەن".
ناوبراو ھەروەھا ئەوەشی گوت "چاوەڕوان دەکرێت لەم پیشانگایەدا گرێبەستی جۆراوجۆر لە نێوان بازرگانانی میسر و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان بکرێن، چونکە ساڵانە خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەو شوێنانەن دەکەن".
لە پیشانگاکەدا کە چەند ساڵێکە لەسەر یەکتر دەکرێتەوە کەلوپەلەکان بەرھەمی میسریین و زۆرینەی بەرھەمەکانیش بریتیین لە کەلوپەلی ناوماڵ و خۆراک.
پیشانگای میسری بۆ کەلوپەلی ناوماڵ و خواردەمەنی و کەلوپەلی جوانکاریی، ١٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.