Hemn Baban
06 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2019
ھەولێر - AA
بەپێی رێککەوتننەکە لە میانی دوو ساڵدا، ئاستی بەرھەمھێنانی غازی سروشتی زیاد دەکات و ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە رێگەی غازەوە ملیارەھا دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمپانیاکە کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە کۆمپانیای پێرل پترۆلیۆمی سنووردار کە ھاوپەیمانێتییەکە ھەردوو کۆمپانیای ھیلال و دانە غاز بەڕێویدەبەن و بارەگاکەی لە ئیماراتە رێککەوتنێکی نوێیان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی غاز بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ واژووکردووە.
لەو راگەیەندراوەدا کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە ئەوەش ھاتووە "بەپێی رێککەوتنەکە ھاوپەیمانێتییەکە تا ساڵی ٢٠٢١ ھەڵدەستێت بە زیادکردنی بڕی بەرھەمھاتووی غاز و فرۆشتنی بە حکوومەتی ھەرێم بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی، ئەو زیادەش بەشێکە لە پلانی فراوانبوون کە ھاوپەیمانێتییەکە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات بە مەبەستی تۆکمەکردنی بەرھەمھێنانی کارەبا".
ئەو رێککەوتنە نوێیەی فرۆشتنی غاز دوای رێککەوتنی یەکلاییکردنەوە دێت لە نێوان ھەردوولادا لە ئابی ٢٠١٧، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە ١٩ی شوباتی ئەمساڵ لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە کە وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئاشتی ھەورامی-یەوە واژووی ئەم رێککەوتنە نوێیەی کردووە.
پڕۆژەی غازی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ و بەپێی رێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی ھیلال لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، پڕۆژەی فراوانکردن کە لە وێستگەی کۆرمۆر جێبەجێ دەکرێت بڕگەی دەگاتە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، جگە لە دوو یەکەی بەرھەمھێنانی نوێ لە وێستگەکە و ھەڵکەندنی بیری نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستەکانی بەرھەمھێنانی ئێستا لە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بۆ ٦٥٠ ملیۆن پێ سێجار لە ساڵی ٢٠٢١دا، ھەروەھا بڕی نەوتی ھاوتا لە رۆژێکدا بۆ ١٠٦ ھەزار بەرمیل زیاد دەکات و بەمەش دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی ھەرێمیی تایبەت بە دۆزینەوە و بەرھەمھێنانی غاز لە عێراق.
بەپێی زانیاریی نێو راگەیەندراوەکە کۆی وەبەرھێنان لە پڕۆژەی غازی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە ١،٦ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ھەروەھا بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئەم رێککەوتنەکەش ملیارەھا دۆلار بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە لە رێگەی بەکارھێنانی غاز لە بەرھەمھێنانی کارەبا.