Hemn Baban
01 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
ھەولێر-AA
لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەی وەزیری داد لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "ئەو ھەموارکردنانەی کە کراون نایاسایین و لەگەڵ دەستووردا ناگونجێن".
وەزیری داد لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرسەت ئەحمەد سکاڵایەکی یاسایی لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی تۆمارکرد، سکاڵاکەش پەیوەندیی هەیە بە ھەمواری یەکەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
لەوبارەیەوە لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "بە ئامانجی رەتکردنەوەی ھەندێک لە ماددەکانی یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩-یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگە و قەزایانەی لەناو ھەرێمێکدا رێکنەخراون کە ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨یە؛ وەزیری دادی ھەرێمی کوردستان، فەرسەت ئەحمەد (زێدە لەسەر وەزیفەکەی)، سکاڵانامەیەکی یاسایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کردووە و تیایدا سکاڵای یاسایی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (زێدە لەسەر وەزیفەکەی) تۆمارکردووە" .
ھەروەھا ئەوەش ھاتووە "وەزیری داد سکاڵاکەی لە رۆژی ٢٤-٩-٢٠١٩ لە رێگەی بریکاری یاسایی خۆیەوە رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغدا کردووە کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەو ھەموارکردنە بەتاڵە چونکە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩ی داناوە کە ھەندێک لە ماددەکانی ئەو یاسایە دژبەیەکە لەگەڵ حوکمەکانی دەستوور و بنەماکانی ھەڵبژاردنی گشتی و بنەما دیموکراتییەکان و ئەو مافە بنچینەییانەی کە لە دەستوردا ھاتوون، ئەمەش وادەکات یاسای ھەموارکردنەوەکە ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠١٩ بەتاڵ ببێت و ئیلغاکردنەوەی ھەندێک لە ماددەکانی ببێتە کارێکی پێویست بەپێی حوکمەکانی ماددەی ١٢ی دەستوور".
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە وەزیری داد لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کردووە کە ئەو ماددانەی یاساکە کە لەو سکاڵانامەیەیدا تانەی لێداوە دادگای فیدراڵی فەرمان بە بەتاڵکردنەوەیان بدات و ئیلغای بکاتەوە چونکە دژبە حوکمەکانی دەستووری عیراقن.
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە کە لەبەر رۆشنایی ئەو ماددە دەستورییەدا، وەزیری داد لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەشت خاڵدا بەڵگە یاساییەکانی بۆ نادەستووری بوون و نایاسایی بوونی ئەو یاسای ھەموارکردنەوەیە.