Hemn Baban
26 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2018
ھەولێر-AA
سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لەسەر ئەو کوردانەی پەیوەندییان بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش"ەوە کرد بەتایبەت لە دوای بەھێزبوونی ئەو رێکخراوە و کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ و دواتر بەشی زۆری پارێزگای نەینەوا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقیش، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەریوان نەقشبەندی کە پێشتر ئەندامی لێژنەیەکی حکوومی بووە بۆ بەدێکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش لە ھەرێمی کوردستان لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "دەتوانم بڵێم نزیکەی ساڵێک دەبێت کەیسی کوردەکانی نێو داعش داخراوە و کۆتایی پێ ھاتووە، بەو پێیەی بەشێکی زۆری ئەو گەنجە کوردانەی پەیوەندییان بەداعشەوە کرد چی لە سووریا و چی لە عێراق بێت کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ گەنج دەبوون و تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ٢٥ ساڵ بوو و بەشێکیشیان بەخێزانەکانییانەوە چووبوونە نێو ئەو گرووپەوە".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گەنجانەشی پێشتر چوونە نێو رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش"، مەریوان نەقشبەندی گوتی: "بەشی ھەرە زۆریان لە شەڕەکاندا کوژراون و نزیکەی ١٥٠ کەسیشیان خۆیان بەدەستەوە داوە و بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە شەڕی داعش بەرامبەر بە پێشمەرگە دەستیپێکرد و داعش پەلاماری کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی دا چی لە ھەرێمی کوردستان بێت یان لە سووریا بێت، بۆیە لەو کاتەوە ئەو گەنجانەی پەیوەندییان بەداعشەوە کردبوو لێیاندەگەڕانەوە، بەڵام لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە گەڕانەوەی ئەوان بە ئاگاییەوە رەچاودەکرێت و وەردەگیرێت کە ئەمەش کارێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی دڵنیابن کە ئەوان گەڕانەوەیەکی سەلامەت گەڕاونەتەوە و جارێکی تر ناگەڕێنەوە ئەو کارانە، ھەندێک لەوانەی ھاتوونەتەوە بەتایبەت ئەوانەی دانیشتووی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون ئازادکراون پاش وەرگرتنی کەفالەت و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی پێویست و لەژێر چاودیریدا گەڕاونەتەوە ژیانی ئاسایی و ژمارەیەکی دیکەی ئەو گەنجانەشی چووبوونە نێو داعش کوژراون".
ھەرچی ئەوانەشی کە ھێشتا چارەنووسیان دیار نییە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی روونی دەکاتەوە "ھەرچی ئەو گەنجە کوردانەیە کە پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و ھێشتا چارەنووسیان دیار نییە لە ھەندێک میدیایەوە دەبیستین گوایە چوونەتە وڵاتانی لیبیا و یەمەن و ئەو وڵاتانەی ناسەقامگیری سیاسی و سەربازییان تیادایە بۆ ئەوەی بچنە ئەورووپا و لەوێ بەیەکجاری نیشتەجێ ببن، بەڵام ئێمە زانیاریی وردمان لەسەر ئەم بابەتە نییە، چونکە کەیسەکە داخراوە".
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: "بابەتێکی ھەستیار ھەیە ئەویش ئەوەیە کە ھەندێک لە منداڵ و ھاوسەری ئەوانەی لەگەڵ داعش بوون کەسوکاریان کە ماون مامەڵەی قوربانییان لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو لە لایەن کۆمەڵگەوە وەکو تاوانبار سەیر دەکرێن، بە نموونە ئەو منداڵانەی باوکیان داعش بووە، یان ژنەکانیان داعش بوون ناتوانن بە ئاسانی بێنە نێو کۆمەڵگەوە".
بهڕێوەبەری پهیوهندییهكانی وهزارهتی ئهوقاف و كاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مهریوان نهقشبهندی کە پێشتر ئەندامی لێژنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدێکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش بووە لەدرێژەی قسەکانیدا رایدەگەیەنێت کە ھێشتا خەڵکانێک ھەن لە ھەرێمی کوردستان ھاوسۆزییان لەگەڵ داعشدا ھەیە و دەڵێت "رەنگە ھێشتا لە ھەرێمی کوردستان خەڵکێک کە ھاوسۆز بێت لەگەڵ داعش کە ئێمە نەمانتوانی بێت دەستنیشانیان بکەین یان خۆی دەرنەخسبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بابەتی بنەکردنی تیرۆر و فیکری توندڕەویی کەیسێکی کراوەیە لە ھەرێمی کوردستان و دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان وەکو وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا بکەین".
گوتیشی: "پێشتر لێژنەیەک لە حکوومەتی ھەرێم ھەبوو کە تاوانی داعشی بە دێکیۆمێنت دەکرد، دەزگا ئەمنییەکان زانیارییان لەسەر ئەو کوردانەی چوونەتە نێو داعش وەردەگرت کە بۆچی و چۆن دەچوون، ئێستا داعش کۆتایی ھاتووە و ئەو گەنجانە ناچن بۆ نێو داعش، بۆیە ئێستا ئیشەکە وەکو جاران نییە، ھەروەھا پێشتر لەمبارەیەوە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ھەماھەنگییەکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق لەسەر ھێڵە و ھەماھەنگی ھەیە، بۆیە بەشی زۆری ئەو داعشانەی کە خۆیان رادەستی پێشمەرگە کردبوو ئێستا لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھەماھەنگی ھەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا."
لەبارەی ژمارەی ئەو گەنجە کوردانەی چوونەتە نێو داعشەوە مەریوان نەقشبەندی گوتی: "ئەوەی زانیاریی نافەرمییە کە لە ھەندێک لە میدیا جۆراوجۆرەکانەوە و بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانەوە کۆمانکردووەتەوە ئەوەیە کە لێژنەکەمان ھەبوو پێش دووساڵ ئەو ٥٠٠ گەنجە کوردەی چووبوونە نێو داعش لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٣٣٠ کەسیان کوژراون، ھەروەھا ١٥٠ کەسیشیان خۆیان بەدەستەوە داوە و گەڕاونەتەوە، ئەوانەشی ماون نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ کەس دەبن چارەنووسییان دیار نییە، نازانین کوژراون یان حکوومەتی عێراق دەستگیری کردوون یان چوونەتە سووریا، یان چوونەتە دەرەوەی وڵات".
بهڕێوەبەری پهیوهندییهكانی وهزارهتی ئهوقاف و كاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مهریوان نهقشبهندی سەبارەت بە ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبارەی کوردەکانی نێو داعشەوە دەڵێت "تاوەکو دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا ھەماھەنگی ئەوتۆمان لەمبارەیەوە نەبوو، بەڵام دواتر ئەو پەیوەندییە لە دوای ریفراندۆم دروست بوویەوە، داعشیش دوژمنی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقە، دوژمنی ھەموومانە، ئێستاش دەبینین کە رۆژانە داعش حوکم دەدرێن و زیندانی دەکرێن و دەستگیر دەکرێن، ئەوەی ماوەتەوە دەزگا ئەمنییەکان و دەزگاکانی دیکە دەبێت چاودێری بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بن بەتایبەت بۆ ئەو داعشانەی کە ماون یان ئەوانەی کە رەنگە ھێشتا ھاوسۆزییان ھەبێت، چونکە ئەوانە ھێشتا ھەڕەشەن لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی".
لەدرێژەی قسەکانیدا مەریوان نەقشبەندی باسی لەوەکرد کە پێشتر بەشی ھەرە زۆری ئەو گەنجە کوردانەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە لەڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووە، ئەو دەڵێت "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت ھۆکارێکی راستەوخۆ بوو بۆ پەیوەندیکردنی زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئەو گەنجە کوردانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و ئەو مەترسییانەمان بە باڵاترین ناوەندی جیھانی و داوامان لێ کردوون کە ئەو تۆڕانە بە شێوەیەک سنوورداربکرێت کە لە لایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە سوودی لێوەرنەگیرێت بۆ کاری تیرۆریستی، بەڵام ئەم کارە ئەنجامنەدرا تا ئەو کاتەی ھەڕەشەی راستەقینە رووی لە ئەمریکا و ئەورووپا کرد، لەو کاتەوە ئیتر زانییان تۆڕە کۆمەڵایەتییان بوونەتە شوێنێک بۆ ئەوەی کەسانێک لەڕێگەیەوە ھەڕەشە و زیان بە ئاسایشی ئەو وڵاتە بگەیەنێت، ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایان لێھاتووە ھەموو کەس بە ئاسانی ناتوانێت شتەکانی خۆی تیادا نمایش بکات".