Sangar Hamad Azeez
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2016
لە شاری ئەنقەرە پیشانگایەک بۆ ئەو وێنانە کرایەوە کە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ''Istanbul Photo Awards' لەم ساڵدا خەڵاتی پێ بەخشیبوون.
لە پیشانگاکەش بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەرپرسی گشتیی پەخش مەتین موتانئۆغڵو و چەندین کەسایەتی سیاسی و ناودار بەشدارییان کرد.
لە پیشانگاکە ئەو ٣٠ وێنەیە نمایش کران کە لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی "Istanbul Photo Awards" خەڵاتی باشترین وێنەی ساڵیان بەدەست هێنا.
لە میانی گوتارێکی لە کاتی کردنەوەی پیشانگاکە، مەتین موتانئۆغڵو گوتی: "شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە وەک ئاژانسی ئانادۆڵو پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی وێنەمان سازکرد. لە پێشبڕکێیەکە زیاتر تیشک خرایە سەر وێنەی جەنگی سووریا و ئەو مەینەتییانەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە تێیدا دەژین، ئێمە وەک ئاژانسی ئانادۆڵو چاودێری بوارەکانی سیاسەت و ئابووری تورکیا و تەواوی جیهان دەکەین، لەلایەکی دیکەشەوە وەک رۆژنامەنووسێک هەوڵ دەدەن لە رێگەی ئاژانسی ئانادۆڵووەوە دەرد و مەینەتیی و دەنگی ناڕەزایی هاووڵاتییان جا لە هەر شوێنێک بێت بگەیەنینە جیهان، لەو باوەڕەدام وەک ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو کارەمان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دابێت".
ناوبراو تیشکی خستەسەر وڵاتی سووریا و گوتی: "سووریا پێکهاتەیەکی بەهێزی هەیە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگی زۆری پێ دەدات، بۆیە ئەگەر بە هەر شێوەیەک هاوار بکەی و نکووڵی لە راستییەکان بکەیت لەو وڵاتە دواجار راستییەکان هەر بە دیار دەکەون، ئاژانسی ئانادۆڵو بە سیاسەتی "ئێمە نەیبینین کەس نایبینێت، ئێمە نیشانی نەدەین کەس نیشانی نادات" کار دەکات و هەوڵ دەدات هەموو راستییەکان بگوازێتەوە.
بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەرپرسی گشتیی پەخش، سپاسی ئەو ١٣ هەزار کەسەی کرد کە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و وەرزشی و بوارەکانی دیکە ناویان تۆمار کرد بۆ پێشبڕکێیەکە و ماندووبوونیان چەشت.
پێشانگاکەش لە ناوەندی "Cer Modern Sanatlar" لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت و تا ١ی ئایار بەردەوام دەبێت.