Hemn Baban
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو هێمن بابان رەحیم یەكێك بوو لەو رۆژنامەنووسانەی رێزی لێنرا.
ئەمڕۆ لە 118ەمین ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە شاری هەولێر لە باڵەخانەی خۆی بە ئامادەبوونی چەند سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك پەرلەمانتار و چەندین چالاكوانی مافەكانی ژنان و مامۆستایانی زانكۆ رێوڕەسمی رێزلێنان لە 30 رۆژنامەنووس بەڕێوەچوو كە تێیدا پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شاری هەولێر هێمن بابان رەحیم هەیە.
لە دوای وەستانی خولەكێك بۆ گیانی شەهیدانی كوردستان رێوڕەسمەكە بە وتارێكی سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، ڤیان سلێمان دەستی پێكرد و تێیدا باسی لە گرنگیی و بایەخی رۆژنامەگەری لە پەرەپێدانی كۆمەڵگە كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئەمڕۆ ژمارەیەك رۆژنامەنووس خەڵات دەكرێن كە وەكو راگەیاندنكاری ماندونەناس لەپاڵ پرس و بابەتەكانی رۆژ گرنگییان بە پرسەكانی ژنان و گواستنەوەی چالاكییەكانی رێكخراوەكان هەبووە.
دواتر سیمینارێك لەسەر رەوشی رۆژنامەگەریی ئافرەتان پێشكەش كرا و تێیدا تیشك خرایە سەر بزاڤی رۆژنامەگەریی ئافرەتان لە جیهان و وڵاتانی عەرەبی و عێراق و هەرێمی كوردستانیش. پاشان لەلایەن ژمارەیەك لە میوانانی رێوڕەسمەكەوە خەڵاتی رێزلێنان بەسەر رۆژنامەنووسان دابەشكرا.