Dilşad Seyfeddin Ahmet
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2016
فێستیڤاڵەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكانی سلێمانی و كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەبۆنەی رۆژی جیهانی كتێب لە ژێر دروشمی " كتێب.. زادێك بۆ بیر و رێگایەك بۆ شارستانییەت" لە هۆڵەكانی كتێبخانەی گشتی سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و نووسەر و خوێنەران دەستی بەكارەكانی كرد.
لەم فێستیڤاڵی كتێبەی سلێمانیدا 19 خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبی كوردی و 25 خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی عەرەبی لە وڵاتانی عێراق و سووریا و میسر و لوبنان و ئوردنەوە بەشداریان كردووە.
لە ماوەی رۆژانی فێستیڤاڵەكەدا جگە لە نمایشكردنی كتێبەكان چەندین چالاكی تری پەیوەندیدار لە كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری و فۆتۆگرافی و سیرامیك و نمایشی ئەرشیفی دەستنوسە كۆنەكان و ئەرشیفی كۆنی ئامێرە سینەماییەكان و مۆزیكی فۆلكۆر، هەروەها چالاكی هونەری و كۆڕ و سیمینار ساز دەكرێت.
بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەی سلێمانی، ئالان رەئوف لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبوانی رێوڕەسمەكە دوا و گوتی: "كتێبخانەی سلێمانی یەكێكە لە كۆنترین كتێبخانەكانی كوردستان و لەسەر راسپاردەی پیرەمێردی نووسەر و دانا دامەزراوە، لەم بۆنەیەشدا پلانی ستراتیجیمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كتێبخانەی گشتی سلێمانی بۆ ئەوەش پێویستمان بە پاڵپشتی هەموو لایەنەكان هەیە".
كتێبخانەی سلێمانی زیاتر لە 100 هەزار كتێبی جۆراوجۆری بە زمانە زیندووەكانی دنیا لەخۆگرتووە.
لەلای خۆیەوە وەزیری رۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالید دۆسكی گوتی: "رۆژی جیهانی كتێب بۆنەیەكی گەورەی كولتوورییە و رێكخراوی یونسكۆ و نەتەوەیەكگرتووەكان لە جیهاندا بایەخی زۆری پێدەدەن و ئەم بۆنەیە دەكەنە دەرفەتێك بۆ باسكردن لەبایەخی كتێب و پێشكەوتنی كۆمەڵ و تاكدا، وەك وەزارەتی رۆشنبیری بایەخی زۆرمان بە كتێب داوە وەك سەرچاوەیەكی گرنگی رۆشنبیری، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی تایبەت بە كتێبخانەكانمان هەیە و سەرپەرشتی 80 كتێبخانە لە هەرێمی كوردستان دەكات".
دۆسكی هەروەها گوتی: "ئێستا هەرێمی كوردستان لەشەڕدایە لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش و هێزی پێشمەرگە بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنوورەكان دەپارێزێت، لە وەزارەتی رۆشنبیری رامان وایە شانبەشانی ئەو شەڕەی هێزی پێشمەرگە دەبێت شەڕی فیكری ئەو گرووپەش ئەنجام بدرێت ئەوەش لە رێگەی كتێب و كایەكانی تری رۆشنبیری و میدییاییەوە دەبێت".
وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بەوەش كرد، بەرنامەیان هەیە بەهاوكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بوار برەخسێنن بۆ برەودان بە خوێندنەوە و بایەخدان بەو كتێبانەی رۆشنبیری لێبوردەیی و لێكتێگەیشتن و میانڕەوی بەرجەستە دەكەن و فەرهەنگی توندوتیژی وەلاوە دەنێن.