Dilşad Seyfeddin Ahmet
11 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2016
رێوڕەسمەكە لە هۆڵی تایتانیك لەلایەن رێكخراوی سەنتەری عێراقی بۆ ئازادی راگەیاندن لە كوردستان و ژووری میسری بۆ نێوەندگیری و كۆنترۆڵكردن بە هاوكاری رێكخراوی شار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی سازكرابوو، تێیدا خەڵاتی 36 راگەیاندكاری سنوورەكە لە نێویاندا پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سلێمانی دڵشاد سەیفەدین كرا.
سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەكە دانا جەمال لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك چەند رێكخراوێك ئەمڕۆ هەستاین بە دابەشكردنی خەڵات بەسەر 36 راگەیاندكاری دەزگاكانی راگەیاندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە هەریەكەیان لە دەزگاكانی خۆیان لە سنووری سلێمانی رۆڵ و كاریگەریی خۆیان هەبووە".
دانا جەمال هەروەها گوتی:" ئامانجمان لەو بەسەركردنەوەیە بۆ ئەوەیە ئەو رۆژنامەنووسانە رۆڵی زیاتر و باشتر بگێڕن، چونكە راگەیاندنكاران لە هەرێمی كوردستان بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێن و دەتوانن راستی و دروستی ئەوەی لە كۆمەڵگەدا دەگوزەرێت بیگەیەننە كۆمەڵگە، بۆیە ئێمە هەوڵمان داوە لە رێوڕەسمی جۆراوجۆر كەسە زیندووەكان بەسەر بكەینەوە و رێزیان لێ بگرین".
سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەكە لەبارەی شێوازی دەستنیشانكردنی ئەو رۆژنامەنووسانەوە گوتی: "دەستنیشانكردنی ئەو كەسانە لە رێگەی لیژنەیەكی زانستی تایبەتەوە ئەنجام دراوە بۆ خەڵاتكردنیان و ئەو كەسانەش دیاری كراون كە رۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی رووداوەكاندا".