Hemn Baban
11 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2016
لە كەمپی دێبەگە خێزانە هەڵاتووەكان لە شوێنێكی كاتی دانراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵ پیاوەكانیان دەكرێت نەك چەكداری داعش بن و خۆیان خزاندبێتە نێو ئاوارەكانەوە.
نزیكەی دوو ساڵ دەبێت ئەوان تاڵاوی دەستی چەكدارانی داعش دەنۆشن بە قسەی خۆیان بێت، ئەوان دەیانگوت داعش نزیكترینی كەسەكانی ئەوانی بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ هاوپەیمانان و پێشمەرگە لە سێدارەداون و سزای جگەرەكێشانیش هەڵكەندنی نینۆكەكانیان بووە بەڵام لەگەڵ بۆمبارانی فڕۆكەكان و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر گوندەكەیان "كەبروكا" لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بە دەیان خێزانی عەرەب خۆیان گەیاندە ژێر قەڵەمڕەویی هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێم و وەكو خۆیان دەیانگوت ئەوان بۆ دەرفەت دەگەڕان تا لە دۆزەخی داعش رزگاریان ببێت.
ئاوارە تازەكان كە بە زۆرینە لە ژن و منداڵ پێكدێن ئێستا لە كەمپی دیبەگە بەدووری 25 كیلۆمەتر لە مەخموور جێگیر کراون كە بۆ دانیشتوانی دەوروبەری قەزای مەخموور"60 كیلۆمەتر لە دووریی هەولێر" كراوەتەوە و پێكهاتەی كورد و عەرەبیشی تێدایە و ئەمانەی دوایی زۆرینە پێك دەهێنن.
لەگەڵ دەستپێكی هێرشی سوپای عێراق پێش پتر لە مانگێك لەمەوبەر هەر جارە و دانیشتوانی گوندێك لەدەستی چەكدارانی داعش هەڵدێن، ئەگەرچی چەكدارانی داعش لێ ناگەڕێن ئەوان بە ئاسانی شوێنەكانیان بەجێ بهێڵن و لەو پێناوەشدا دەیان كەس لە رێگەی هەڵاتن لە ئاگری داعش بە ئاگری داعش خۆیان بوون بە قوربانی و گیانیان لەدەست داوە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نزیك لە هەزار كەس خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان كە تا دێت قورسایی سەرشانی بەهۆی ئاوارەكانەوە قورستر و سەختتر دەبێت، ئەمان دێن و عێراق و حكوومەتەكەش وەكو ئەوەی هاووڵاتیی ئەو نەبن زۆر بێ باكانە لێشیان ناپرسێتەوە، ئەوەشی بارە گرانەكەی گرتووەتە ئەستۆ حكوومەتی هەرێم و رێكخراوە خێرخوازییەكانیەتی لەگەڵ هاوكاریی سەرەتای بەشێك لە رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.
عوسمان حاتەم یەكێكە لەو پیاوانەی كە لەگەڵ گەیشتنی تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو چەند سەعاتێكی كەم بەسەر هەڵاتنی لەگەڵ نزیكەی 10 كەسی دیكە بۆ ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە تێپەڕی بوو، جگە لەوەی هاوڕێكانی عوسمان هێندەی چەك لە كامێراكانی ئێمە دەترسان و تەواو نیگەران بوون لەوەی وێنە بگیرێن بەڵام عوسمان كە بەزەحمەت رازی بوو بە قسەكردن لەسەر دۆخی دوو ساڵی رابردوویان لە ژێر چنگی داعش بەشێوەیەك دەموچاوی وا داپۆشیبوو چاوەكانیشی بەزەحمەت دەبینران، ئەو گوتی: "ئێمە هێشتا كەسوكارمان لە ژێردەستی داعشن ئەترسین بیانكوژن و زیانیان پێ بگەیەنن، بۆیە تكایە وێنەمان مەگرن".
ئەو بەشێوەیەك دەموچاوی هەڵپێچابوو كە بۆمان روون نەبوویەوە تەمەنی چەند دەبێت، بەڵام لە چلەكان بوو.
عوسمان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو ساڵە حاڵێكمان هەیە كەس ئیرەیی پێ نابات، بارودۆخێكی ئەوەندە ناخۆش و ژیانێكی وا زەحمەتمان بەڕێ كرد قەد لەبیری ناكەین، چەكدارانی داعش زوڵم و ستەمێكی زۆریان لێ كردین، ئەوەی بیانوستبایە دەیانكرد، هەركەسیان پێ خۆش با دەیانكوشت، دەیان كەسی نزیكی خۆمان بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بەتایبەت بۆ هاوپەیمانان و پێشمەرگە لە سێدارە دا، ئیتر تۆمەتەكانی داعش هەڵدەواسران و ئەوانەشی دەیانكوشتن بێ تاوان بوون".
گوتیشی: "ئەوەی لەسەری ئاشكرابوایە لەگەڵ سوپای عێراقە یەكسەر دەكوژران، دوو ساڵە ئێمە ئازار نەما نەیكێشین، گرانییەكی ئەوتۆیە كە هیچ تاقەتمان نەمابوو" بەدەم ئەو قسانەیەوە ئەو پیاوە دۆعای خراپەی لە داعش دەكرد.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو سەرجەمی ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە هەڵدێن لەلایەن دەزگاکانی تەناهییەوە لێكۆڵینەوەی تەواو و بەدواداچوونی وردیان بۆ دەكرێت لە ترسی تێوەگلانیان لەگەڵ داعش، پێشتریش دەیان چەكداری داعش خۆیان خزاندووەتە نێو ئاوارەنەوە ویستوویانە بۆ زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان كار بكەن بەڵام ئاشكرا كراون. دەزگاکانی تەناهی سەرباری زانیارییەكانی خۆیان، چەندین كەس لە نێو ئاوارەكاندا راپۆرتیان داوەتە پێشمەرگە لە بەشێك لەو كەسانە و پاش سەلماندنی راستییەكان دەستگیر كراون.
عەقید لە هێزەكانی پێشمەرگە مەهدی یونس كە لە میحوەری مەخموور تا ئێستا شایەتحاڵی هەڵاتی هەزاران عەرەبی لە ژێردەستی داعشەوە بۆ لای پێشمەرگەیە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "بەهۆی هێرشەكانی سوپای عێراق بۆ سەر بنکەکانی داعش خەڵکێكی زۆر تەنها لە 24 سەعاتی رابردوو هەزار كەس هاتوون و شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوە و مەڕ و ماڵات و ئەوانەشمان بۆ دەرباز كردوون".
ناوبراو كە سەرقاڵی گواستنەوەی بەشێك لەو گەنجانەبوو بە ئۆتۆمبیلێكی سەربازی بۆ كەمپی دیبەگە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێك لەوانەی لە گوندی كەبروكا هەڵاتوون بریندار بوون دەرەنجامی بۆردومان و هێرشەكانی داعش، ئەوان نزیكەی 12 بریندارییان هەبووە و بۆ نەخۆشخانەی مەخموور و لەوێشەوە بۆ هەولێر گواستراونەتەوە".
لە نێو كەمپی دیبەگە كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی نوێ هاتوون لە شوێنی نوێیان بەشێوەیەكی كاتی جێگیر كرابوون، هەر 24 سەعاتێك دەبوو بەسەر هاتنیان تێدەپەڕی، ئیدی لەلایەن رێكخراوێكەوە هاوكارییان بەسەر دابەش كرا، ئەمان هێشتا ترسی داعشیان لەدڵدایە، دەموچاو شاردنەوە، دەستخستنە سەردەموچاو، داواكردن لە كامێرامانەكان تا زوومەكانییان دووربخەنەوە هەموو بەڵگەی ئەوەن.
لەوێ مناڵان و ژنەكان سەرەیان بۆ وەرگرتنی ئەو بەشە هاوكارییە گرتبوو كە رێكخراوی قەندیل بۆی ئامادە كردبوون، لەوێ دیمەنی منداڵە بچووكەكان ئەوانەی جلوبەرگی دڕاو و لە خۆڵ تەنیویان لەبەردایە سەرنجڕاكێشن، بەشێك لەوان تەنانەت نەشیاندەتوانی ئەو ئاوەش هەڵبگرن كە بنەماڵەكەی وەریانگرتبوو، دیمەنی چەند ژنێكی برینداری دەستی داعش و ئەو ژنانەی پێدەچێت لەو دوو ساڵە و ئاوارەبوون پێكەنینیشی لەبیربردنەوە تەواو مرۆڤ دەهەژەنێت، ئەوان كە نەیاندەویست قسە بۆ راگەیاندن بكەن، هەموویان لە پشتی كامێراكانەوە دەیانگوت: "ئاخر ئەمە لەپێناو چی و بۆچی ئەو هەموو نەهامەتییە، ئەی ئێمە ئیسلام نین، ئەوە خوا قبوڵی دەكات ئاوا ئاوارە بین و بكەوینە ئەم زەحمەتییە".
شەڕەكانی سوپای عێراق و هێرشەكانی لەدژی داعش كە ماوەیەكە دەستی پێ كردووە پێ دەچێت وا بكات ئاوارەیەكی زۆر لەو هەزار كەسەی گوندی كەبروكا پتر ناچار بۆ پەنابردنە بەر هەرێمی كوردستان بكات، بەوەش رەنگە لەگەڵ دەستپێكی رزگاركردنی مووسڵ كارەساتی مرۆیی روو بدات چونكە هەرێم ئەو كات چاوەڕوانی دەیان هەزار ئاوارەی دیكەیە.