Muhammet Ali Kemal
11 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
لەئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەدا کە دوێنێ شەو باشووری فلیپینی هەژاند و گوڕەکەی 6.5 پلەی ریختەر بوو، لانیکەم 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 126 کەسی دیکە برینداربوون.
لەلێدوانێکدا بەرپرس لە فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان، جیلبەرت گۆنزالێس، ئاماژەی بەوەکرد ناوەندی بوومەلەرزەکە نزیک شاری سوریگانۆ دێل نۆرتێی دوورگەی مینداناو بووە و بەهۆیەوە لانیکەم 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 126 کەسی دیکە برینداربوون.
جیلبەرت گۆنزالێس، باسی لەوەشکرد بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ژمارەیەکی زۆر ماڵ و خانوو زیانیان بەرکەوتووە و دانیشتوانی ناوچەکە، شەویان لەکۆڵانەکان بەسەربردووە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکانی ئەمریکا، ئاشکرایکرد ناوەندی بوومەلەرزەکە 10 کیلۆمەتر لە باکووری خۆرهەڵاتی ناوچەی مابوای دوورگەی مینداناو و قووڵاییەکەی 15 کیلۆمەتر بووە.
فلیپین کە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە و گڕکانی ناسراو بە ''پشتێنەی ئاگرینی زەریای هێمن''ە، لەئەنجامی بوومەلەرزەیەکدا کە ساڵی 1990 لەو وڵاتە روویدا و گوڕەکەی 7.7 پلە بوو، نزیکەی 2 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.