Muhammet Ali Kemal
07 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2017
چاناکالە- AA
لە سەرلەبەیانی دوێنێوە، ژمارەیەک بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک شارۆچکەی ئایڤاجکی سەربە پارێزگای چاناکالەی تورکیایان هەژاند.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی بوومەلەرزە لە سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخە لەناکاوەکان (AFAD) کە سەربە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیایە، لەدوای ئەو بوومەلەرزەیەوە کە گوڕەکەی 5.2 پلە بوو و کاتژمێر 05:24 شارۆچکەی ئایڤاجکی هەژاند، دوو زەمین لەرزەی دیکە بەهەریەک لە گوڕەکانی 4.3 و 4.2 شارۆچکەکەیان هەژاند. ئاماژە بەوەش دەکرێت بوومەلەرزەکان لە قووڵایی 8.8 و 3.95 کیلۆمەتردا روویانداوە.
هاوکات فەرمانگەی بوومەلەرزە لە سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخە لەناکاوەکان کە پێشتر رایگەیاندبوو ناوەندی ئەو بوولەرزەیەی گوڕەکەی 5.2 پلە بووە، کەناراوەکانی دەریای ئیجەیە، زانیارییەکانی نوێکردەوە و ئاشکرای کرد کە ناوەندی بوولەرزەکە شارۆچکەی ئایڤاجک بووە.
دوێنێ لە شارۆچکەکە لە کاتژمێر 06:51 و 13:58دا دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 5.3 پلە روویاندا و لە پارێزگاکانی دەورووبەر هەست بەکاریگەرییەکەی کرا. لەدوێنێشەوە زەمینلەرزەکان درێژەیان هەیە.