Ramal Mahmood
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2017
رۆما – AA
دوای ئەوەی شەوی رابردوو بوومەلەرزە ژمارەیەک ناوچەی لە ناوەڕاستی ئیتاڵیا هەژاند، بەفر هەرەسی هێنا و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.
دوای بومەلەرزەکە بەفر بۆسەر هۆتێلی ریگۆپیانۆ گران ساسۆ سەربە ناوچەی ریاگۆپیانۆ رۆژئاوای شاری پەسکارا، هەرەسی هێنا.
چاپەمەنییەکانی ئیتاڵیا بەپشتبەستن بەزانیارییەکانی تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتن لە ناوچەکەدا، بڵاویان کردەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان گیانیان لەدەست داوە و هیچ کەسێک لەناو هۆتێلەکە وەڵامی بانگهێشتی تیمەکانی نەداوەتەوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی بەرگری شارستانی، فابریزۆ کوریکۆ بەچاپەمەنییەکانی راگەیاندووە کە تاکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون دیار نییە، گوتیشی: "دەزانین کە ٣٠ کەس لەناو هۆتێلەکە دابوون کە ١٠یان کرێکار بوون. تیمەکانمان وێڕای سەختی هەلومەرجەکانیش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنیان. هیوادارین کەناڵەکانی راگەیاندن بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن".
کوریکۆ ئاماژەی بەوەشدا کە توانیوویانە دوو کەس لە ناوچەکە رزگار بکەن کە هەواڵی هەرەسهێنانی بەفریان بەتیمەکانیان راگەیاندبوو.