هه‌ولێر - AA
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014 له‌گه‌ڵ جبه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی شاری مووسڵی به‌بێ شه‌ڕێكی ئه‌وتۆ گرت و به خاوێنی وه‌ریگرت، به‌ڵام له‌دوای خۆی ئه‌م شاره‌ی كه به خه‌لافه‌ته‌كه‌ی خۆی ناوده‌برد، كرد به وێرانه شارێك، ئێستا زیاتر له نیوه‌ی مووسڵ له‌ده‌ستی هێزه‌كانی عێراقدایه، فه‌رمانده له هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق موقه‌ده‌م روكن موهه‌نه‌د سه‌عد عه‌لوان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو له‌نێو مووسڵه‌وه رایگه‌یاند "له 24 یان 48 كاتژمێری داهاتوو رزگاركردنی ته‌واوی به‌ری چه‌پی مووسڵ رایدهگهیهنیین".زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری باڵه‌خانه‌كانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن داعشه‌وه كراون به باره‌گا، بۆیه یان ته‌قێنراونه‌ته‌وه یان بوون به ئامانجی فڕۆكه‌كان.
لای چه‌پی پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به "داعش" نزیكه له‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی بكه‌وێته ژێر چنگ و ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی عێراق و به‌دیاریكراویش سه‌ربازانی دژه تیرۆری عێراق.
ئه‌م سه‌ربازانه كه زۆرێكیان چه‌ندین هه‌فته‌یه ماڵ و منداڵی خۆیان به‌جێهیشتووه زیره‌كانه و به وره‌ی به‌رزه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌ون شه‌ڕ ده‌كه‌ن و هه‌ر یه‌كێك له‌مان چه‌ندین چیرۆكی پاڵه‌وانێتیی خۆی و هاوه‌ڵه‌كانی لهزاردایه.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی ئه‌و هێزه تا دوایین خاڵه رزگاركراوه‌كانی ته‌نی و به‌دووری چه‌ند سه‌د مه‌ترێكی زۆر كه‌م له پردی پێنجی مووسڵ كه له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاره‌كه ئه‌وه‌ی به "مزگه‌وتی سه‌دام" ده‌ناسرێت ئه‌م راپۆرته‌ی ئاماده‌كرد.
لێره هه‌مه‌ره ره‌شه‌كان و جل ره‌شه‌كانی عێراق له‌نێو كوچه و كۆڵانه‌كان هه‌ن و له هه‌ندێك شوێنیش‌دا پشووی شه‌ڕێكی قورس ده‌ده‌ن و به‌ده‌م چا و نێرگه‌له‌وه سه‌رقاڵن، جل ره‌شه‌كان له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕن، ئه‌مان دژی داعش ده‌جه‌نگن و زۆرێكیان به وره‌ی به‌رزه‌وه ده‌یانگوت "له چه‌ند سه‌عاتی داهاتوو لای چه‌پی مووسڵ رزگار ده‌كه‌ین و لای راستیش ده‌مێنێته‌وه بۆ دواتر".
له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی لای چه‌پی مووسڵ دیمه‌نه‌كانی ئاواره‌بوونی ده‌یان كه‌س ده‌بینرێت و به سه‌دان خێزان له‌وانه‌ی نیشته‌جێی مووسڵ هه‌رچییه‌كیان بۆ ده‌ركرابێت به‌سه‌ر شان و كۆڵییانهوهیه یان له‌نێو عه‌ره‌بانه‌كانی دهستییانهوهیه و بۆ شوێنێكی هیچ نه‌بێت ئارامتر یان دوورتر له شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێن.
ئاواره‌كان منداڵی ساوا و کەم ته‌مه‌نیان پێیه، به‌شێكیشیان ئه‌و پیره‌مێرد و پیرهژنانهیان له‌گه‌ڵدایه كه توانای رێكردنیان نه‌ماوه یان زۆر كه‌مه كه بۆ ئه‌مان ئه‌مه كێشه‌یه، هه‌رچۆنێك بێت هه‌مووان له هه‌وڵی خۆ دهربازكردندان.
له‌گه‌ڵ نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان، وێرانه‌یی شارێك، به‌ڵام هێشتا ژیان به‌رده‌وامیی هه‌یه، به‌رده‌وامییه‌ك كه بۆن و به‌رامه‌ی ئازادی لێ دێت، لێره هه‌ركێیه‌ك ده‌بینیت باس له چیرۆكی ژێرده‌ستیی خۆیت بۆ ده‌كات و زوو زوو ده‌ڵێن" الحمد لله علی كل حال".
له ناوچه‌ی پیشه‌سازیی مووسڵ له‌سه‌ر رێی سه‌ره‌كی مووسڵ-هه‌ولێر چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به نووسینگه‌كانی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی یه‌ده‌گی ئۆتۆمبیل چه‌ند رۆژێكی كه‌مه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه كراوه‌ته ئامانج و چه‌ندین خاوه‌نی نووسینگه سه‌رقاڵی ده‌ركردنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌یان بوون كه هێشتا له دوكانهكانییاندا سه‌لامه‌تن و ئه‌گه‌ری فرۆشتنه‌وه‌یان هه‌یه.
یه‌كێك له خاوه‌نی دوكانه‌كان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئه‌مه به‌رهه‌می داعشه، خوا له‌ناویان به‌رێت، ئه‌وان له وێرانه‌یی زیاتر هیچیان بۆ ئێمه پێ نه‌بوو، ببینه، ببینه و به كامێراكانتان بیگوازنه‌وه كه ئه‌و نه‌فره‌تییانه چی‌یان لێ كردین و چۆن ژیانیان وێران كردین، كوا چی‌یان لێ هات؟، بۆ هه‌ڵاتن؟ كوت ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌كوێیه؟، ئه‌مه موسوڵمانێتی و ئیسلامه كه بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد".
به‌درێژایی زیاتر له پێنج كاتژمێری گه‌ڕانمان له‌نێو مووسڵ سه‌رباری ئاواره‌بوون و چارۆكه هه‌ڵگرتنی زۆ خێزان، شوێنه‌واری بۆمباران، ته‌قینه‌وه، ئۆتۆمبیلی تێكشكاو یان ته‌قێنراو، خانوو و باڵه‌خانه‌ی رووخا‌و، بۆری ئاوی شكاو، كه‌وتنی سه‌دان عه‌مودی كاره‌با و خۆڵ و خاشك و زبڵی نێو شاره‌كه له‌به‌رچاوان بزرن نابن، زۆرێك له رێگه گشتییه‌كان داخراون، به‌خۆڵ و پاشماوه‌ی وێرانهییهكان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خۆڵ و به‌رد به‌رز كراونه‌ته‌وه.
لێره له مووسڵ هێشتا بۆنی باروت، ده‌نگی ته‌قه، دووكه‌ڵی نه‌گریسی شه‌ڕ باڵی به‌سه‌ر شاره كێشاوه، هێشتا خۆڵه‌میشی شه‌ڕ له‌نێو گه‌ڕه‌ك و بازاڕهكانهوهن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك شوێن هێشتا بازاڕ، دووكانه‌كان كراوه‌ن و كڕین و فرۆشتن و جموجۆڵی خه‌ڵك ده‌بینرێت، داعش چوو، به‌ڵام شوێنه‌واره‌كانی هێشتا پێویستی به زۆر كات هه‌یه تا بڕه‌وێنه‌وه، هێشتا كه‌مێك له ریشه‌كان نهتاشراون، پهچهكان بهدهموچاوهكانهوه نه‌كه‌وتوون، پهكێك له‌و ژنانه‌ی په‌چه‌كه‌ی هێشتا به‌ستبوو و پیاوه‌كه‌شی كه منداڵه‌كه‌یانی له باوه‌ش گرتبوو گوتی "راهاتووین ئه‌وه دوو ساڵه ئه‌م پهچهیهیان به‌زۆر پێ كردووین، خوا له‌ناویان به‌رێت، نه‌ینه‌وه ئیشه‌ڵا، خوا هێزه‌كانی عێراقیش بپارێزێت، وه‌ڵا هه‌ست ئه‌كه‌ین له جه‌هه‌نه‌م رزگارمان بووه".
17ی مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا ده‌ستی پێكردووه و دوای ئه‌وه‌ش داعش له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه پاشه‌كشه‌ی زۆری كردووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندین قه‌زا و گوند و شارۆچكه‌ی له‌كیس چوو، به سه‌دان كوژراو كه به زیاتر له هه‌زار چه‌كدار مه‌زه‌نده ده‌كرێت له‌ده‌ستداوه، ئیدی ئێستا ئه‌وه هێزه‌كانی عێراق له نێو جه‌رگه و دڵی ئه‌و خهلافهتهن كه ئه‌بو به‌كر به‌غدادی خۆی به ئه‌میری وی و موسوڵمانانیش ناوزه‌دكرد پێش زیاتر له دوو ساڵ و نیو له‌مه‌وبه‌ر.
رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به داعش له 10ی حوزه‌یرانی 2014 زۆر به ئاسانی و له‌رێگه‌ی چه‌ند سه‌د چه‌كدارێك كه به‌پێی لێدوان و لێكۆڵینه‌وه‌كان و دانپێدانانی خودی داعش له 400 چه‌كدار زیاتر نه‌بوون، توانییان دووه‌م گه‌وره‌ترین شاره‌كانی عێراق كه مووسڵ كۆنتڕۆَل بكه‌ن و به‌هاوكاری ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی مووسڵ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌دان تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی گرت، له‌گه‌ڵ سه‌دان هه‌زار پارچه چه‌كی قورس و سووك و مام ناوه‌ندیش، له‌به‌رده‌م ئه‌م 400 چه‌كداره پتر له 50 هه‌زار سه‌رباز هه‌بوون و زۆرینه‌یان هه‌ڵاتن و بهشێكشیشان له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌سێداره‌دران.
داعش دواتر توانی به‌و چه‌كانه‌ی هێزه‌كانی عێراق بۆ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار، دیاله، كه‌ركوكیش بكشێت و زۆر شوێنی له كوردستانیش كۆنتڕۆڵكرد.
ئێستا وه‌رزی هه‌ڵوه‌رینی خاكی ژێر ده‌ستی داعشه و هه‌ر زوو خاكی ژێر ده‌ستی له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه‌كانی عێراق له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام پرسیاری هه‌ره گه‌وره و بێ وه‌ڵامی دروست ئه‌وه‌یه، چه‌كدارانی داعش كه ته‌رمێكی زۆریان به‌جێ نه‌ماوه، دیلێكی ئه‌وتۆیان به ژماره له‌لای هێزه‌كانی عێراق نییه بۆ كوێ چوون؟
فه‌رمانده له‌هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق موقه‌ده‌م روكن موهه‌ند سه‌عد عه‌لوان له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق ئه‌ركی خۆمان ته‌واوكردووه، به‌ڵام میحوه‌ری باكوور له‌لای فیرقه‌ی 16ی سوپای عێراق ماوه كه ئه‌ویش ره‌شیدییه و به‌شێك له گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بییان و ئه‌وانیش له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واو ده‌كرێت و له 24 یان 48 كاتژمێری داهاتوو رایدهگهیهنیین لای چه‌پی مووسڵ به‌ته‌واوه‌تی رزگاركراوه.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی دژه تیرۆر ئه‌وه‌شی گوت "به‌هۆی زۆریی خه‌ڵك و دانیشتوانه‌وه چوونه پێشه‌وه زۆر خێرا نه‌بوو، بۆیه ئێمه ده‌مانه‌ویست گیانی خه‌ڵك بپارێزین، داعش به ده‌یان خانوو و باڵه‌خانه‌ی بۆمبڕێژكردووه و ئه‌وه‌ش وایكردووه هێشتا نه‌توانرێت هه‌موو شوێنه‌كان پاك بكرێته‌وه، ئێمه لێره‌شدا پێویسته باسی بكه‌ین كه ته‌رمی سه‌دان داعشمان ژێر خاك كردووه و به‌شێكی كه‌میش له ته‌رمه‌كان هێشتا ماوه‌ن".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای عێراق باسی له ئازایه‌تی هێزه‌كانی عێراق كرد كه چۆن به یه‌ك كاتژمێر توانیویانه پردێك بۆ په‌ڕینه‌وه له رووباری خۆسه‌ر دابنێن و گوتیشی "داعش له‌به‌رده‌م هێزه‌كانمان و ئه‌و كرده جۆرییانه‌ی ده‌یانكه‌ین تووشی سه‌رسوڕمان هاتووه و له‌ناوچووه".
له‌نێو مووسڵ دیمه‌نه‌كانی شوێنی وێرانه‌ی دوای شه‌ڕ هه‌میشه دیمه‌نی زاڵن و لێره‌دا هه‌رچی وێرانه‌یی هه‌یه به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا هاتووه، داعش كه مووسڵی وه‌رگرت شارێكی خاوێن و زیندووی وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌م شاره به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا ته‌واو شێواوه و پێویستی به ده‌یان ساڵ هه‌یه تا بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش حوكمڕانیی داعش بۆ شاره‌كه، ئه‌وه‌شی هه‌مووان لێی نیگه‌رانن ئهموێرانهییهی كه له‌یه‌كێك له شاره جوان و خاوێنه‌كانی عێراقه‌وه بۆ یه‌كێك له وێرانه‌ترین شاره‌كانی گۆڕی.
news_share_descriptionsubscription_contact

