Dildar Baykan Atalay
29 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن پیرۆزبایی لە تورکیا، فینلاند و سوید کرد کە گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ.
لە تویتێکیدا بایدن وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لە میانی کۆبوونەوەیاندا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرکۆماری فینلاند، ساولی نینیستۆ و سەرۆکوەزیرانی سوید، ماگدالینا ئاندێرسۆن گرتبووی.
سەرۆکی ئەمریکا بایدن، لە تویتەکەیدا رایگەیاند: ''پیرۆزبایی لە تورکیا، فینلاند و سوید دەکەم بەبۆنەی واژووکردنی یاداشتنامەی سێ قۆڵی. ئەوە هەنگاوێکی زۆر هەستیارە لە بانگهێشتی ناتۆ بۆ فینلاند و سوید، هاوپەیمانیەکەمان بەهێز دەکات و ئاسایشی بەکۆمەڵمان زیاد دەکات. هەروەها رێگایەکی باشە بۆ دەستپێکردنی لووتکەکە (لووتکەی ناتۆ)''.
لە پاش کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری فینلاند، ساولی نینیستۆ و سەرۆکوەزیرانی سوید، ماگدالینا ئاندیرسۆن و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ یاداشتنامەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان تورکیا، فینلاند و سوید واژووکرا.
یاداشتنامە سێ قۆڵیەکە کە لە دوای کۆبوونەوە چوار قۆڵیەکەی ناوەندی کۆنگرەی IFEMA کە لووتکەی ناتۆی تێدا بەڕێوە چوو لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لەلایەن وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی فینلاند، پیکا هاڤیستۆ و وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندا واژوو کرا.
رێوڕەسمی واژووکردنی یاداشتنامەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری فینلاند، ساولی نینیستۆ و سەرۆکوەزیرانی سوید، ماگدالینا ئاندیرسۆن و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ بەڕێوەچوو.