Abdullah Aşıran
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2023
کێکهۆف - AA
باخی کێکهۆف کە یەکێکە لە گەورەترین باخەکانی گوڵی لالە لە جیهان و دەکەوێتە وڵاتی هۆڵەنداوە بۆ ٧٤مین جار دەرگای بەڕووی سەردانیکەراندا کردەوە.
ئەم باخچەیە دەکەوێتە شاری لیسە و ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس سەردانی دەکەن.
بەهۆی کورتی تەمەنی گوڵی لالە، تەنها لە ٢٣ی ئادار تا ١٤ی ئایار ئەم باخچەیە کراوەیە و چەندین جۆری جیاوازی لالە لەخۆدەگرێت.
باخچەکە لەسەر رووبەری ٣٢ هێکتار زەوی دروستکراوە و لەمساڵدا ٤٠ باخەوان، زیاتر لە حەوت ملیۆن گوڵیان لە هەزار و ٦٠٠ جۆری جیاواز روواندووە کە زۆرینەیان گوڵی لالەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کێکهۆف، سەدا ٨٠ی ئەو گەشتیارانەی سەردانی باخچەکە دەکەن گەشتیاری بیانیین و زۆرینەشیان هاووڵاتی ئەڵمانیا، بەریتانیا، چین و ئەمریکان.
سەرەتا لە ساڵی ١٩٤٩دا بە ئامانجی نمایشکردنی گوڵی چەند بەرهەمهێنەرێکی لالە ئەم باخچەیە کرایەوە و تا ئێستاش ماوەی ٧٤ ساڵە لە دوو مانگی سەرەتای بەهاردا بەڕووی سەردانیکەراندا دەکرێتەوە.