Hamit Hüseyin
10 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2016
سەرۆکوەزیرانی ھۆڵەندا مارک رووتە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبوویەوە.
مارک رووتە ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی فۆاد حوسین و بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم فەلاح مستەفا و گوتەبێژی حکوومەت سەفین دزەیی پێشوازی لێ کرا.
بە پێی زانیارییەکان سەرۆکوەزیرانی ھۆڵەندا مارک رووتە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوا پێشھاتەکانی شەڕی دژبە داعش و ھەروەھا شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدا و بڕیارە لەم سەردانەدا ھەروەھا پرسی ئاوارەکانیش وەک قەیرانێک تاوتوێ بکرێ.
ئەمە یەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھۆڵەندایە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ھۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.
حکوومەتی ھۆڵەندا لە ٨ی مانگی شوباتی رابردوو رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی نزیکەی ھەزارو ٣٠٠ ھێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا.