Muhammet Ali Kemal
18 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2016
لە ئەنجامی بۆردوومان و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای هۆڵەندا لە جۆری F16 بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە سووریا و عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی رێکخراوەکە کوژران.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری هۆڵەنداوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لەدوای هێرشەکانیان بۆ سەر بارەگاکانی داعش لەعێراق، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەیان لە سووریا ئەرک دەبینن و لەماوەی هەفتەی رابردوودا چوار جار بنکە و بارەگاکانی داعشیان بۆردوومان کردووە.
باس لەوەشکراوە، لەو هێرشانەدا کە ئاشکرانەکراون، دەیان چەکداری داعش کوژراون و بنکەیەکی درووستکردنی بۆمب و تەقەمەنی رێکخراوەکە لەناوبراوە.
بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی هۆڵەندا، لەمانگی شوباتی رابردووەوە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەو وڵاتە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا دەکەن دوای ئەوەی کە پێشتر لە عێراق بەرەنگاری ئەو رێکخراوە دەبوونەوە.
لە یەکەیەکی جێگیرکراوی سەربازیی هۆڵەندا لە ئوردن، چوار فڕۆکەی جەنگیی (F16) و نزیکەی ٢٠٠ سەربازی ئەو وڵاتە بەمەبەستی بەشداریکردن لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، بوونیان هەیە.
ماوەی ئەرکی سەربازە هۆڵەندییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا و هی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە مانگی تەمووزدا کۆتایی دێت. لەدوای یەکی تەمووزەوە فڕۆکە جەنگییەکانی بەلجیکا جێگەی فرۆکە (F16)کانی هۆڵەندا دەگرنەوە.