Muhammet Ali Kemal
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
ئەنقەرە- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە رێگرییکردن لە وەزیرەکانی حکوومەتی وڵاتەکەی لەلایەن هۆڵەنداوە، هۆشداریی تۆڵەکردنەوەی دا و رایگەیاند: ''ئەوان چ هەنگاوێک بهاوێژن، ئێمە ١٠ هێندەی ئەوە دەهاوێژین''.
مەولود چاوشئۆغڵو بەشداریی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی تەرەتەدا کرد و باسی ئەو رێکارانەی کرد کە دژی وەزیرەکانی حکوومەتی وڵاتەکەی گیراونەتە بەر.
چاوشئۆغڵو مامەڵەی حکوومەتی هۆڵەندای لەگەڵ وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا، فاتمە بەتول سایان کایا بە مامەڵەیەکی نامرۆڤانە ناوبرد و رایگەیاند ''نەفرەت لە هەڵبژاردنەکانیان. لەبەر ئەوەی لە وڵاتەکەیدا هەڵبژاردن هەیە و بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ نەڕوات بۆ ویڵدەرس، لەبەر ئەوەی کە هاوشانی یەکە دەنگەکانیان، نەفرەت لەو سیاسەتمەدارانەی کە ویڵدەرسیش تێدەپەڕێنن. ئەمانە ئەوەندە ئاستیان دابەزی و نەیانهێشت وەزیرەکەمان بچێتە کونسوڵخانەکەی خۆمان''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەکردەوە بێدەنگ و بێهەڵوێست نابن لەبەرامبەر ئەو هەنگاوانەی هۆڵەندا هاویشتوویەتی و ئاماژەی بەوەکرد لە دەورووبەری باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەیان لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و شوێنی مانەوەیان رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و رێگریی لە هاتنە دەرەوە و چوونە ژوورەوە دەکرێت.
مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: ''ئەوان چ هەنگاوێک بهاوێژن، ئێمە ١٠ هێندەی ئەوە دەهاوێژین. هیچ ترسێکمان لەوبارەیەوە نییە. بەڵام ئەوەی کە کردیان دوورە لە مرۆڤایەتی. دوورکەوتنەوەی ئەو سیاسییانە لە مرۆڤایەتی بەهۆی هەڵبژاردنێکەوە، دۆخێکی پەندئامێزە. ئەوەی کە مۆڵەتی نیشتنەوەی وەزیرێکی دەرەوە هەڵبوەشێنیتەوە، لەهیچ روویەکەوە مایەی قبووڵکردن نییە بەڵام ئەوەی کە بەرامبەر بە ژنێک کە هاوکات وەزیرە کراوە و رێگرییکردن لێی لە چوون بۆ کونسوڵخانەکەمان، کە خاکی خۆمانە، لەکەیەکی شەرمهێنە بۆ ئەورووپا. هەمیشەش ئەوە دەدەینەوە لە روویان ''.