Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2020
قودس ــ AA
لە فڕۆكەخانەی بن گوریۆن، یەكەم گەشتی ئاسمانی بازرگانیی ئیسرائیل بۆ ئەبو زەبی لە ئیمارات ئەنجامدرا.
چاوەڕوان دەكرێت ئەو فڕۆكە ئیسرائیلییە بە ئاسمانی سعوودیە بەرەو ئەبو زەبی بفڕیت.
فڕۆكەكەیش سەربە كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئیسرائیل "ئیلعال"ە و شاندی ئیسرائیلی بەسەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، مئیر بن شابات و شاندی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، جارید كۆشنەر دەگوازێتەوە.
دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە كە سعوودیە رەزامەندی نیشان داوە، فڕۆكە ئیسرائیلییەكە لە گەشتەكەیدا بۆ ئەبو زەبی بە ئاسمانی سعوودیە بفڕێت.
راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، جارید كۆشنەر بەرلە سەركەوتنی بۆ فڕۆكەكە لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە ئەم گەشتەیە مێژووییە و هەمووان لە جیهانی عەرەبیدا چاودێری دەكەن و گوتی: "لەو باوەڕەدام، ئاشتی و گەشەپێدان لە ناوچەكە بەدی دێن".
لای خۆیەوە گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئۆفیر جندلمان لەناو فڕۆكەكەدا لە تویتێكدا رایگەیاندووە "نێردەی ئیسرائیل لەگەڵ لایەنی ئیمارات دەست پێ كردنی هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی بازرگانیی، گەشتوگوزار، ئابووریی، فڕۆكەوانیی و رۆشنبیریی تاوتوێ دەكات".
هاوكات نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە بڵاوی كردووەتەوە فڕۆكەكە كە دەیان بەرپرسی ئیسرائیل و شاندێكی ئەمریكا دەگوازێتەوە، سبەی دەگەڕێتەوە ئیسرائیل".
ئاماژەی بەوەیش داوە كە شاندەكەی ئەمریكا لە هەریەك لە راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، جارید كۆشنەر و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، رۆبێرت ئۆبراین و گەورە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، رۆب گرینوای و نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ دانوستانەكانی نێودەوڵەتیی، ئاڤی بیركۆڤیتس و نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران، برایان هۆك و سەرۆكی جێبەجێكاری دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ئادام بوهلەر پێكهاتووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە دیداری سێقۆڵیی ئیسرائیل، ئیمارات و ئەمریكا لە ئەبو زەبی بە بەشداری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، مئیر بن شابات و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، رۆبێرت ئۆبراین و گەورە راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، جارید كۆشنەر و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات، تەحنوون بن زاید ساز دەكرێت.
راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەیش داوە كە هەورەها سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل زنجیرەیەک دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیمارات ئەنجام دەدات كە لە میانی كۆبوونەوەكاندا سەبارەت بە گرووپەكانی كار كە لە نوێنەرانی ئیسرائیل، ئیمارات و ئەمریكا لە بوارەكانی دیپلۆماتی، دارایی، ڤیزا، تەندروستیی، رۆشنبیری، گەشتوگوزار، بۆشایی ئاسمان، زانست، وەبەرهێنان و بازرگانی گفتوگۆ دەكرێت.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە بە زمانەكانی عبری، عەرەبی و ئینگلیزی وشەی (ئاشتی) لەسەر ئەو فڕۆكەیەی كە گەشتەكە بۆ ئیمارات ئەنجام دەدات نووسراوە، هەروەها سیستەمی بەرگریی دژبە مووشەك لەو فڕۆكەیە داندراوە.
لە 13ی ئەم مانگەدا سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو كە ئیمارات و ئیسرائیل لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان رێككەوتوون.
رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل لەسەر هەموو ئاستەكانی فەڵەستین و كۆمەڵگای عەرەبییەوە ئیدانەكراو لایەن و سەركردەكانی فەڵەستین ئەو رێككەوتنەیان بە (ناپاكی) لەقەڵەمداوە.
سەركردەكانی فەڵەستین ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییدا رەت دەكەنەوە، ئەگەر ئیسرائیل كۆتایی بە داگیركردنی خاكی فەڵەستین نەهێنێت.