Yusuf Özcan
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
پاریس - AA
فەڕەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاند کە خوازیاری پەرەپێدانی دیالۆگی بنیاتنەرن لەگەڵ تورکیادا.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان-ئێڤ لۆدریان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیکۆ ماس لە پاریس پایتەختی فەڕەنسا، بۆ ئەو باڵیۆزە فەڕەنسیانە دوان کە لە ئەورووپادا کاردەکەن.
جان-ئێڤ لۆدریان ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەورووپا بەهێزتر بێت، ئەوەیشی خستەڕوو کە بەهۆی هەڵوێستی ناتەبا و ناڕاستی بەریتانیاوە دانوستانەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەبارەی ئەو رێککەوتنەی کە بازرگانیی و پەیوەندیەکانی داهاتوو دیاری دەکات پێشوەچوونی بەخۆوە نەبینیوە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا باسی لەوە کرد کە تورکیا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کایەی دەریایی وڵاتی یەکێتیی ئەورووپای پێشێلکردووە کە ئەوەیش جێگەی قبووڵکردن نییە.
جان-ئێڤ لۆدریان بانگەشەی ئەوەی کرد کە جێهێشتنی ئاسایشیان بۆ کاراکتەرەکانی دیکە هەڵەیە و گوتی: ''یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی دیالۆگە. ئەگەر پێویست بوایە بەتوندی ئیدانە (ی تورکیا) بکرایە و سزای بەسەردا بسەپێندرێت یەکێتیی ئەورووپا ئەنجامی دەدا. هەموو رێگاکانی دیپلۆماسیمان لەگەڵ ئەنقەرەدا خستووەتەکار بۆ دروستکردنی مەرجەکانی دیالۆگێکی بنیاتنەرتر. لەو بارەیەشەوە ئەڵمانیا و فەڕەنسا هاوبیرن''.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیکۆ ماس بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا لە لیبیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی ''ناسەقامگیرکردن'' بەڕێوەدەبات و ئەوەیش مایەی قبووڵکردن نییە.
هێیکۆ ماس باسی لەوە کرد کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا سەروەری یۆنان و ئیدارەی رۆم لە قوبروسی باشوور دەپارێزن و گوتی: ''تەنها دەتوانین بە دیالۆگ لەو دۆخە هەستیارە دەرچین. لەبەرئەوە پشتیوانی لە پرۆسەی دیالۆگی بۆرێل و مەولود چاوشئۆغڵو (وەزیری دەرەوە) دەکەین. هەتا ٢٤ی ئەیلوول ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان''.