Göksel Yıldırım
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
تورکیا کە بەم دواییانە سەرکەوتنی گرنگی لە پیشەسازی بەرگرییدا بەدەست هێنا، بەو دەستکەوتە تەکنەلۆجیانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی تەکنەلۆجیای نیشتمانییدا بەدەستی هێناون رێگای بۆشایی ئاسمانی کردەوە.
مووشەکی سۆندا کە یەکەم مووشەکی دروستکراوی تورکیایە بە پرۆژەی سەرۆکایەتی پیشەسازی بەرگریی سەرۆکایەتی کۆمار دروست کراوە، بووە یەکەم ئامێری تورکی کە سنووری بۆشایی ئاسمانی بڕی.
ئەو پەرەسەندنە کە سەرۆکی پیشەسازی بەرگریی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیسماعیل دەمیر بە گوتەی ''تورکیا بۆشایی ئاسمانی بینی'' یەکەم مژدەی راگەیەند لە رێوڕەسمی سیستمەکانی بۆشایی ئاسمان بۆ هەڵدانی مانگی دەستکردی ROKETSAN و ناوەندی توێژینەوەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و کردنەوەی دامەزراوەی بەرهەمی ماددەی خاوی تەقینەوە، ئاشکرا کرا.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دیمەنەکانی یەکەم مووشەکی دروستکراوی ناوخۆ کە بە تەکنەلۆجیای نیشتمانی هەڵدرا لەگەڵ ئەو دیمەنانەی لە بۆشایی ئاسمان بەدەست هاتوون، بڵاوکردەوە.
ئەو رێگایەی بەرەو ئەو پەرەسەندنە درێژبووەتەوە، بەو بڕیارانەی لە کۆمیتەی جێبەجێکاری پیشەسازی بەرگریی لە ساڵی ٢٠١٢دا دەرکراون، بە هەڵکردنی دوگمەی سەربەخۆیی تورکیا لە گەیشتنی بە بۆشایی ئاسمان کرایەوە، لەو بارەیەشەوە دەست کرا بە کارکردن.
ئەرکی دامەزراندنی سیستمەکانی بۆشایی ئاسمان و ناوەندی توێژینەوەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، لەلایەن سەرۆکایەتی پیشەسازی بەرگریی سەرۆکایەتی کۆمارەوە درا بە ROKETSAN.
بە مەبەستی گەیشتنی تورکیا بە بۆشایی ئاسمان بە سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٨دا پرۆژەی گەشەپێدانی سیستمی ناردنی مانگی دەستکردنی بچووک لەنێوان SSB و ROKETSAN واژووکرا.
بەو پرۆژەیە مانگە دەستکردەکان کە کێشیان ١٠٠ کیلۆگرام و کەمترە لە خولگەی نزمی هەسارەی زەوی جێگیردەکرێن کە لانیکەم ٤٠٠ کیلۆمەتر بەرزە.
لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا کە دەستەبەری گەشتن دەکات بە توانای دروستکردنی بنکە، ژێرخانی بەرهەمهێنان، تاقیکردنەوە و هەڵدانی مانگی دەستکرد کە لە جیهاندا ژمارەیەکی کەم وڵات خاوەنێتی، بە هەڵدانی مانگی دەستکردنی دروستکراوی ناوخۆ بۆ بۆشایی ئاسمان، لەکاتی جەنگ و لەکاتی ئاشتییدا زانیاری جێ متمانە بۆ تورکیا دەست دەخات.
مانگی دەستکرد کە هەر لە بواری کشتوکاڵەوە تا جەنگ و هەواڵگری لە هەموو بوارێکدا هاوکار دەبێت لە داهاتووی وڵاتدا، کاری سەربازیی لە رووی زانیاری سات بە سات و هەماهەنگیی کردنەوە ئاسان دەکات.
لە ماوەی سێ ساڵدا ROKETSAN، ٢٤ تەکنەلۆجیای جیاوازی بە توانای ئەندازیاری خۆی پەرە پێ دا.
لە پشت ئەو دەرەنجامی تاقیکردنەوە سەرکەوتووانەوە هەوڵ و ماندووبوونی نزیکەی هەزار پسپۆڕ و تەکنیککاری ROKETSAN هەیە کە زیاتر لە یەک ملیۆن کاتژمێر کاریان کردووە.
ماوەی دیاریی کراو بۆ گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان چوار ساڵ بوو، بەڵام ساڵێک زووتر بە ئامانجەکە گەیشتن، بەوەیش تورکیا لە کۆتایی کاری سێ ساڵدا بەو تەکنەلۆجیایەی کە بەتەواوی خۆی پەرەیپێداوە یەکەم هەنگاوی بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵنا.