Mahmut Geldi
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
مستەفا ئەدیب لەلایەن سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپێردرا.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە مستەفا ئەدیب دوای ئەوەی لە كۆی دەنگی 120 پەرلەمانتار، دەنگی 90 پەرلەمانتاری بەدەست هێناوە لەلایەن میشێل عەون بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپێردراوە.
هاوكات سەرۆكایەتی لوبنان لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە باڵیۆزی پێشووی لوبنان لە ئەڵمانیا، مستەفا ئەدیب بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپێردراوە.
مستەفا ئەدیب دوای راسپاردنی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی لوبنان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "كاتی بەڵێن و ئومێدكردن نییە، بەڵكو كاتی ئەوەیە هەمووان پێكەوە لە پێناو چارەسەركردنی رەوشی وڵاتەكەمان كار بكەین و نیگەرانی لوبنانییەكان بڕەوێنینەوە".
گوتیشی: "هەوڵ دەدەین حكوومەتێك پێكبهێنین كە لە كەسانی لێهاتوو و شارەزا پێك بێت و چاكسازی خێرایش ئەنجام بدەین كە وڵات بخەتەوە سەر رێگەی راست".
مستەفا ئەدبیب تەمەن 48 ساڵ نیشتەجێی شاری تەرابلوس باكووری لوبنانە و بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسا و زانستە سیاسییەكان هەیە و لە ساڵی 2000 راوێژكار و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران، نەجیب میقاتی بووە و دواتر لە تەمووزی 2013دا كرابوو بە باڵیۆزی لوبنان لە ئەڵمانیا.
دوێنێ یەكشەممە سەرۆك حكوومەتەكانی پێشوو نەجیب میقاتی، تەمام سەلام، سەعد حەریری و فوئاد سەنیورە رایگەیاندبوو كە مستەفا ئەدیب چانسی ئەوەی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت راسپێردرێت.
دوای تەقینەوە بەهێزەکەی چواری ئەم مانگەی بەندەری بەیروت، حكوومەتی لوبنان بەسەرۆكایەتی حەسسان دیاب لە 10ی ئەم مانگە دەستی لەكاركێشایەوە.
لە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بەپێی دوایین ئامار 182 كەس كوژراون و شەش هەزاری دیكەیش برینداربوون، هەروەها تەقینەوەكە زیانێكی زۆری ماددیشی لێكەوتووەتەوە كە بە 15 ملیار دۆلار دەخەڵمێندرێت.