Şerife Çetin,Muhammet Ali Kemal
26 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2018
بڕۆکسل - AA
ناتۆ ئاشکرایکرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەی گەرووی کێرچی لە دەریای ئازۆڤ، ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی ناتۆ-ئۆکراینا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازدەکات.
لەدوای پەیوەندیی تەلەفۆنێی نێوان سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ و سەرۆکی ئۆکراینا، پێترۆ پۆرۆشێنکۆ سەبارەت بەو دۆخەی لەئێستادا لە ئارادایە، راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، یانس ستولتنبێرگ و پێترۆ پۆرۆشێنکۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی گەرووی کێرچی-یان لە دەریای ئازۆڤ کردووە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە ستولتنبێرگ جەختی لە پشتیوانیی بەهێزی ناتۆ لە یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا، سەروەریی و ئازادیی هاتوچۆی ئەو وڵاتە لەنێو سنوورە ئاوییەکانیدا کردووەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە لەسەر داوای پۆرۆشێنکۆ ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی ناتۆ-ئۆکراینا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازدەکات.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە بارەگای ناتۆ لەسەر ئاستی باڵیۆزان بەڕێوەبچێت.
سەرلەبەیانی دوێنێ کەشتییە جەنگییەکانی ئۆکراینا و رووسیا بەرەوڕووی یەکتر ببوونەوە و بە تۆمەتی ئەوەی سنوورە ئاوییەکانی رووسیایان بەزاندووە، کەشتییە جەنگییەکانی رووسیا بەرەنگاری کەشتییە جەنگییەکانی ئۆکراینا ببوونەوە.