Sangar Hamad Azeez
03 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2016
سەرکۆماری ئۆزبەکستان ئیسلام کەریمۆڤ، کە بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە کۆچی دواییکرد، ئەمڕۆ لە زێدی خۆی لە سەمەرقەند بەخاک دەسپێردرێت.
ئەمڕۆ تەرمی سەرکۆماری ئۆزبەکستان ئیسلام کەریمۆڤ، گەیەنرایەوە سەمەرقەند و لەلایەن هەزاران هاووڵاتییەوە پێشوازیی لێکرا.
بڕیارە لە دوای نوێژی نیوەڕۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی کەریمۆڤ دەستپێبکات و لە گۆڕستانێکی شاری سەمەرقەند بەخاک بسپێردرێت.
هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا توغروڵ تورکەش بەشداریی لە ریورەسمی بەخاکسپاردنەکەدا دەکات.
کۆچی دوایی سەرکۆماری ئۆزبەکستان ئیسلام کەریمۆڤ، دوێنێ لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە راگەیەنرا، دوای ئەوەی بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە، کەریمۆڤ دەستی بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی کردبوو.
ئیسلام کەریمۆڤ لە ساڵی ١٩٣٨ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٩وە تاوەکو کۆچی دواییکرد، سەرکۆماری ئۆزبەکستان بوو.