1 23
03 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2016
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی راگەیاندنی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان (سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە جەعفەر شێخ مستەفا و ئامادەبوونی بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتیی مستەفا چاوڕەش، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ فەرماندەی سەرجەم ھێزەکانی ٧٠، دژەتیرۆر، بەرگری و فریاکەوتن، پۆلیسی پاسەوانی سنوور، کارەبا و ھێزەکانی دیکەی پۆلیس بەڕێوەچوو.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتیی لە کۆبونەوەکەدا گەیشتوونەتە ژمارەیەک بڕیار کە "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھێزی پارێزەری گەل و خاکی کوردستانە و ھەوێنی پاراستنی یەکڕیزیی گشت لایەن و پێکھاتەکانی کوردستانە''
''ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە لە ھیچ ناکۆکیی و ململانێیەکی ناوخۆی یەکێتیی نابنە لایەن، بەڵکو ھێزی فشاردەبن بۆ چەسپاندنی یەکێتی ناو یەکێتیی، و بەھیچ جۆرێک رێگە نادەن بە هیچ کەس و لایەنێک ھەوڵی پەرتکردن و لاوازکردنی ریزەکانی یەکێتیی بدات".
ئەو کۆبوونەوەو بڕیارانەی ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیسی سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای ناکۆکیی و زەقبوونەوەی جیاوازیی نێوان بەرپرسانی باڵای حزبەکە دێت کە بەسەر دوو بەرەی جیاواز؛ باڵی دەستڕۆشتوو بە سەرۆکایەتی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کە دارایی، راگەیاندن و جومگە سەرەکییەکانی حزبەکەی لەژێر دەستە، لەگەڵ باڵی جێگرانی سکرتێری گشتیی، کۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح کە زیاتر بە باڵی سەربازیی ناسراون .