Mazın Asad
07 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2016
بزووتنەوەی پێگیدا بەھۆی راگەیاندنی "رۆژی نیشتمانپەروەران" لە ١٤ شاری ئەورووپا خۆپێشاندانی ئەنجام دا کە خۆپێشاندانی سەرەکی لە شاری درێسدین ساز کرا و نزیکەی ھەشت ھەزار کەس بەشداری کرد.
دامەزرێنەری پێگیدا، لوتز باکمان بەھۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی بەشداری خۆپێشاندەکان بکات.
لە خۆپێشاندانەکەی شاری درێسدین خۆپێشاندەران لە نزیک کەناراوی رووباری ئەلبە کۆبوونەوە و بێجگە لە ئاڵای ئەڵمانیا ئاڵای وڵاتانی ئیسرائیل، ژاپۆن و رووسیایان بەرز کردەوە.
خۆپێشاندەران درووشمی "مێرکڵ نەمێنێت" و "سنوورەکان دابخرێت" و "ئاشتی لەگەڵ رووسیا، جارێکی دیکە شەڕ لە ئەورووپا روونەدات" و "میدیای درۆزن" و "دیپۆرتکردن"یان بەرز کردەوە.
دوای خۆپێشاندانی ئەو شارە خۆپێشاندەران بڵاوەیان کرد.
ھاوکات لە کاتی خۆپێشاندەکەی شاری درێسدین گرووپێکی دیکە دژی پێگیدا لە گۆڕەپانێکی ئەوبەری رووباری ئەلبە کۆبووەوە و بە بەرزکردنەوەی دەنگی موزیکی جۆراجۆر ویستیان خۆپێشاندانەکە بشێوێنن. ھێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیاش رێوشوێنی پێویستیان گرتەدەست و کۆپتەرێکی پۆلیسیش چاودێری خۆپێشاندانەکەی کرد.
جێگەی باسە ئاماژە بەوە دەکرێت لە خۆپێشاندانەکەدا درووشمی دژی ئیسلام و حەزرەتی پێغەمبەر (د.خ) بەزر کرابێتەوە و بە لەیەکچوونی حەزرەتی محەمەد بە ئادۆلف ھیتلەر و قورئان بە کتێبی "خەباتی من"ی ھیتلەر ناپاکیان و جنێویان دابێت.
ھاوکات لە ھەندێک لە درووشمەکاندا ئایینی ئیسلامیان بە "تیرۆر" وەسف کردووە و ھەروەھا داوای قەدەغەکردنی قورئانیان کردووە.
بزووتنەوەی پێگیدا بەبۆنەی "رۆژی نیشتمانپەروەران" لە ١٤ شاری وەک لەندەن، ڤارشۆڤا، تالین، پرانگ، گراز، براتیسلاڤا، ئەمستردام، بێرمینگھام بە ناوی "دژی بە ئیسلامکردنی ئەورووپا" خۆپێشاندانیان راگەیاند. ھاوکات بزووتنەوەکە رایگەیاند کە خۆپێشاندانی سەرەکی لە شاری درێسدین لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت کە پێگیدا لە ٢٠١٤ لەو شارە دامەزرابوو.