Dilara Zengin Okay
11 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2023
واشنتۆن-AA
دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە چواری شوبات "بالۆنی سیخوڕی" لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستەخوارەوە، ئیدارەی واشنتۆن شەش کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشی هەناردەکردنەوە بە پاساوی ئەوەی کە پشتگیریان لە بەرنامەکانی باڵۆنە چاودێرییەکەی حکوومەتی پەکین کردووە.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو شەش کۆمپانیا چینییە بڕیاریان داوە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا مامەڵە بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە لەو چوارچێوەیەدا، ئەو کۆمپانیا چینییانە زیادکراون بۆ لیستی رەشی هەناردەکردن، هەروەها باس لەوە کراوە ئەم کۆمپانیایانە پاڵپشتیی هەوڵەکانی بەرنامە ئاسمانییەکانی سوپای رزگاری گەل و بەتایبەت کەشتی ئاسمانی و باڵۆنەکانی چینیان کردووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانیی نانجیانگ-ی پەکین، کۆمپانیای گرووپی تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی پەیمانگای توێژینەوەی چین، ٤٨هەمین پەیمانگای توێژینەوەی چین، تەکنەلۆجیای دۆنگوان لینگکۆنگ، گرووپی زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Eagles Men، تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی گوانگژۆ تیان-های-شیانگ و زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Shanxi Eagles Men خراونەتە لیستی رەشەوە.
- قەیرانی "بالۆنی سیخوڕی"
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ٣ی شوباتدا رایگەیاندبوو باڵۆنێکی هەواڵگرییان لە بەرزاییەکی زۆر دەستنیشانکردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت سەربە وڵاتی چین بێت، بهسهر ئەمریکادا دەفڕێت و لە ویلایەتی مۆنتانا بەسەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی هەستیاردا تێپەڕیوە کە عەمباری کڵاوی ئەتۆمی و مووشەکی دوور مەودای لێبووە.
لای خۆیەوە چین بانگەشەی ئەوەی کرد کە باڵۆنەکە ئامڕازێکی فڕینی مەدەنیی وڵاتەکە بووە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی کەشناسی بەکارهێنراوە و بەهۆی ئەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی سنوورداربووە لەگەڵ کاریگەری بادا لە کایەی خۆی دەرچووە و بەهەڵە چووەتە ناو کایەی ئاسمانیی ئەمریکاوە.
روونکردنەوەکەی چین نەبووە جێی باوەڕی ئەمریکا، هەربۆیە لە ٤ی شوباتدا لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن باڵۆنەکە لەسەر زەریای ئەتڵەسی لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای ئەمریکاوە خرایە خوارەوە.