İbrahim Erikan
09 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2015
لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم گزنگی خۆر کۆڵانەکانی جگەربرژاندن کە بە دەوڵەمەندی جۆری چێشت و کەبابەکانی بەناوبانگە و دەکەوێتە نێو بازاڕی کازانجیلار جمەی دێت لە هاووڵاتیان.
وەستایەک خەریکی وشککردنەوەی مقڵیەکانە، لەولاشەوە یەکێک جگەری بەشیشەوە دەکات، لەو سەریشەوە یەکێک مێزی ریزکردووە و سەر مێزەکانی پڕ کردووە لە پیواز، تەماتەی گوشراو و سەوزە. ئاوی شێلمش کە لەو شارە بەناوبانگە لەسەر مێزەکان دەبینرێت.
کڕیاران دەستە دەستە روو دەکەنە ئەو ناوە و لە بری خواردنی وەک زەیتوون، پەنیر و مرەبا لە خوانی بەیانی جگەری برژاوی تیژ دەخۆن و لە بری چاییش ئاوی شێلم دەخۆنەوە.
یەکێک لەو وەستایانەی لە کۆڵانی جگەرفرۆشان کار دەکات سەیفەدین دانش-ی تەمەن ٤٠ ساڵانە، ناوبراو بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند کە هەر لە منداڵییەوە دەستی بەو کارە کردووە. بەهۆی قەرەباڵغیشەوە بەیانیان زۆر ماندوو دەبن. ئەو زیاتر گوتی: "شەوان دەست دەکەین بەخۆ ئامادەکردن، بەری بەیانیانیش خزمەتی کڕیارانمان دەکەین. ئێمە جگەر و کەباب بۆ کڕیارانمان ئامادە دەکەین. ئێرە بەلانیکەم ١٠٠ ساڵە ئەم شوێنەمان هەیە و بەهایەکی مێژوویی هەیە بۆمان چونکە بەمیرات لە باب و باپیرانمانەوە ئەم شوێنە بۆ ئەدەنە ماوەتەوە و لە کار و بەرهەمەکانمان زۆر رازین".
سەیفەدین ئاساڵ لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە بۆ ئەدەنە بۆ ئەوەی بەیانی زوو بەر لەدەرکەوتنی خۆر جگەری برژاو بخوات. ناوبراو لەم بارەیەوە گوتی: "بە ٤-٥ جۆر زەڵاتەوە جگەری برژاوم خواردووە. هەموو کەس بەیانیان سەعات ٤ بۆ ئێرە دێت سەعات ٩-١٠ کارەکانی ئێرە تەواو دەبن. وڵاتەکەمان هەموو شوێنێکی خۆشە بەڵام ئەدەنە جیاوازە. خەڵکی ئەدەنە هەموو رۆژ سەعات چوار هەڵدەستن و جگەر دەخۆن. خۆ ئەگەر نەیخۆن دەست بەکارکردن ناکەن. منیش بۆ خواردنی ئەو جگەرە لە ئیستانبوڵەوە هاتووم. منداڵ و پورزا و ئامۆزا و خاڵۆزاکانیشم لەوێوە بۆ ئێرە هێناون بۆ ئەوەی تامی ئەم جگەرە بکەن و دواتر دەگەڕێینەوە".
حوسامەدین بارش ماوەی ١٠ ساڵە هەر کە کاتی بەدەستەوە بووبێت بەیانیان رووی کردۆتە ئێرە بۆ جگەر خواردن و لەو باوەڕەشدایە ئەم کولتوورە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەی نوێ و ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت.