ئەدەنە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ھەڵسەنگاندنەکانی تایبەت بە پاکێجی دیموکراتیزەکردنی تورکیا رایگەیاند: ئەو چینانەی کە دەناسرێن دووبارە دەستیان بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی رابردوو کردووە و گوتی: " لە دژی چی دەوەستن؟ لە ئاسوودەیی خوشکانی سەرپۆش بەسەری من لە دامودەزگا رەسمییەکاندا ناڕازین؟ ئێمە بۆ یەکسانیی خوشکانی بێ سەرپۆش و سەرپۆش بەسەرمان لە تورکیا ئەم کارەمان کردووە".
ئەردۆغان گوتی، ئێمە وڵات و گەلی خۆمان خۆش دەوێ وەکو شیرین و فەرھاد، ئێمە فەرھادین و خەڵکی ئێمەیش شیرینە و بۆ گەیشتنی بە خەڵکی خۆمان بە تۆنێل و مێترۆ چیاکان دەبڕین و ھیچ شتێک ناتوانێ لە بەردەم گەیشتنی ئێمە بە گەلی خۆمان ببێتە ئاستەنگ، بەھۆی متمانە بەخۆ بوونمانەوە سەربەرزین و سەرکەوتوو دەبین.
ھەروەھا پرسی: رەگەزپەرستی چییە؟ ئێمە گەلی خۆمان زۆر خۆش دەوێ و بۆ بەھێزبوونی ھەنگاوی گەورەتر دەنێین.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "بۆ بەھێزتر و گەورەترکردنی تورکیا پاکێجێکی ٢٨ مادەییمان راگەیاند و بەمجۆرە دەمانەوێ ئاستەنگەکانی بەردەم بەھێزبوونی تورکیا یەک لەدوای یەک لە ناو بەرین، چونکە تورکیا پێویستی بە رزگاربوون لەو ئاستەنگانە ھەیە"
ئەردۆغان راگەیاند: ئەو چینانەی دەناسرێن ھەر وەکو توتی دەستیان بە گوتنەوەی گۆرانییە کۆنەکانی خۆیان کردووە، دووبارە دەستیان بە گوتنەوەی چیرۆکەکانی رابردوو کردووە، دەبینین ئەوان جارێکی دیکە ھەڵە دەکەن. ئەوانە جارێکی دیکە زەرەرمەند دەبن و تورکیا سەردەکەوێ.
لەبارەی بارودۆخی زانکۆکان ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، لە زانکۆکانیشدا تێکۆشانێکی یەکجار زۆرمان کرد و رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووینەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیمان بگەینە ئامانج. دەرگای زانکۆکانیان بەڕووی خوشکانی سەرپۆش بەسەری ئێمە دادەخست، بەڵام بەھۆی تێکۆشانی بێ وچانەوە ئەو دەرگایانە کرانەوە، ئایا کچە سەرپۆش بەسەرەکان کچی ئێمە نین؟ ھیچ کێشەیەک لە نێوان کچەکاندا نەبوو، کێشە لە کوێ بوو؟ کێشە ئەو کەسانەبوون تورکیایان بەڕێوە دەبرد. سەری داپۆشراوە یا دانەپۆشراوە وازی لێ بێنن با بخوێنێ، بۆ چی ئاستەنگیان بۆ دروست دەکەین.
- سندوق ھی خەڵک و ئیرادەی نەتەوەییە
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی کچانی سەرپۆش بەسەر لە زانکۆکاندا نەخوێنن، دەسەڵاتدارانی رابردوو چییان لە دەست ھاتووە کردوویانە، لە قوتابخانە پیشەییەکانیشدا ئەو کارەیان کردووە، ھەروەھا دەیانویست قوتابیانی ئیمام و خەتیب نەچنە زانکۆ. بەڵام ئەمڕۆ دەرچوانی قوتابخانە پیشەییەکان و قوتابخانەکانی ئیمام و خەتیب ھەرھەموویان دەتوانن بچنە زانکۆ و پشت بە خوا لەمەودوا لە دەزگا رەسمییەکانیشدا دەتوانن بە سەرپۆشەوە خزمەت بکەن. پێویستە سەیر بکەین و بزانین کێ لەم ھەنگاوانە ناڕازییە، لە کوێ دەتوانن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەن؟ لە سندوق، چونکە ئەمە دیموکراسییە و تایبەتمەندی باشی دیموکراسیەتیش ئەوەیە. سندوق ھی گەل و ئیرادەی نەتەوەیە و ھەمیشە لە سندوق ئیرادەی نەتەوە سەرکەوتوو بووە.
سەرۆکوەزیر گوتی: "ھەندێ کەس دەڵێن ئەو پاکێجە پاکێجێکی جیاوازە و پەرە بە جیاوازی دەدا. حاشا... چۆن دەتوانن شتێکی بەمجۆرە بڵێن، ئێمە گوێ بۆ قسەی ھەر کەس شل ناکەین، تەنیا قسەی خەڵک بە ھەند وەردەگرین، خەڵک لەو گۆڕانکارییانە رازییە، سەدا ٦٠ تا سەدا ٧٠ی خەڵک لەو پاکێجە رازییە."
ئەردۆغان گوتی: "کێ دەیەوێ ئەو مافانەی خوا بە ئێمەی داون لێمان بسێنێتەوە؟ لە ئاینی ئێمەدا نەتەوایەتی ھەیە بەڵام جیاوازی و رەگەزپەرستی و ھۆزگەرایی نییە. من تورکم خۆش دەوێ و کوردم خۆش دەوێ، لاز و چەرکەز و گورجی و رۆمەکانیشم خۆش دەوێ."