ئیمانوێل ماکرۆن: "دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین ئەرکێکی ئەخلاقییە"
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند: "پێویستە مەرجەکانی تایبەت بە دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین جێبەجێ بکرێن، وەک دان پێدانان بە ئیسرائیل، چەکداماڵینی حەماس، ھەروەھا بەشداری نەکردنی حەماس لە حکوومەتی فەڵەستین و ئازادکردنی دیلەکان".

Arbil
پاریس ــ AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند کە دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین "ئەرکێکی ئەخلاقییە".
ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی سەردانەکەی بۆ سینگاپور لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین جگە لەوەى ئەرکێکی ئەخلاقییە، ھەروەھا لە ڕووی سیاسییەوە زۆر پێویستە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنرێت.
ھەروەھا سەرکۆماری فەڕەنسا باسی لە مەرجەکانی دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین کرد و گوتی: " پێویستە مەرجەکانی تایبەت بە دان پێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین جێبەجێ بکرێن، وەک دان پێدانان بە ئیسرائیل ، چەکداماڵینی حەماس، ھەروەھا بەشداری نەکردنی حەمس لە حکوومەتی فەڵەستین و ئازادکردنی دیلەکان".
ئیمانوێل ماکرۆن سەبارەت بە بەردەوامی شەڕی کۆمەڵکوژی و گەمارۆیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل لە چەند کاتژمێر و ڕۆژانی داھاتوودا، ڕێگا نەدات چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخی مرۆیی بدۆزێتەوە، ئەوا دەبێت ھەڵوێستی ھاوبەشی توندتر دژبە ئیسرائیل بگیرێتەبەر".
گوتیشی: " لە دۆخێکی وەھادا، دەبێت یەکێتیی ئەورووپا پابەند بێت بە یاساکانی خۆی، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە سەپاندنی سزاکانەوە".
ھەروەھا سەرکۆماری فەڕەنسا، گوتی: "دەبێت ھەڵوێستێکی توندتر نیشان بدەین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، بەڵام ھیوادارم ئیسرائیل ھەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و دۆخی مرۆیی لە غەززە، چارەسەر بکرێت".