ئیسرائیل شەش رێکخراوی مافی مرۆڤی فەڵەستینی خستە لیستی تیرۆرەوە
Quds
قودس-AA
حکوومەتی ئیسرائیل، بە بانگەشەی ئەوەی کە سەر بە بەرەی ئازادیی گەلی فەڵەستینن، ئاشكرای كرد کە شەش رێکخراوی مافی مرۆڤی فەڵەستینی خستووەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانیەوە.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، وەزارەتی دادی وڵاتهكه؛ دامەزراوەی زەمیر بۆ چاودێری دیل و مافەکانی مرۆڤ، دامەزراوەی قانون بۆ مافەکانی مرۆڤ، ناوەندی بیسان، تۆڕی سامیدون بۆ بەرگریی کردن لە دیلەکان، بزووتنەوەی جیھانی بۆ بەرگریی کردن لە منداڵ-فەڵەستین و یەکێتی لیژنەکانی کاری کشتوکاڵی وەکو رێکخراوی نایاسایی راگەیاندووە.
له ھەواڵەکەدا جەختی لەوە كراوهتهوه کە ئەم رێکخراوانە لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە بە رێکخراوی تیرۆریستی ھەژمار کراون و بە بانگەشەی ئەوەی کە درێژە پێدەری بەرەی ئازادیی گەلی فەڵەستینن لە بوارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، وەکو رێکخراوی نایاسایی راگەیەندراون. باس لهوهش كراوه کە بڕیارەكه له چوارچێوهی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەرکراوە.
ئەو دامەزراوانە لەو رێکخراوە گرنگانەن که کاریگەرییەکی بهرفراوانیان لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنییدا لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو و کەرتی غەززەی گەمارۆدراو ههیه.
بەرەی ئازادیی گەلی فەڵەستین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانهوه، لەدوای بزووتنەوەی فەتح بە دووەم گەورەترین رێکخراوی ژێر چەتری رێکخراوی ئازادیی فەڵەستین دادەنرێت.