Recep Şakar
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
مێلبۆرن - AA
شاری مێلبۆرن پایتەختی ویلایەتی ڤیکتۆریا باشووری رۆژهەڵاتی ئوسترالیا کە زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لەسەر ئاستی ئوسترالیای تیایدا تۆمار کرابوو، ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات کە تاکو سەری ساڵ ژیان تیایدا ئاسایی ببێتەوە.
شارەوانی مێلبۆرن لە ھەوڵی بووژانەوەی شارەکەدایە کە لە چوارچێوەی رێکارە توندەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، شەش جار بەتەواوەتی داخستنی سەرتاسەری بەخۆوە بینیوە و بە کۆی گشتی ٢٦٧ رۆژ بووە ئەو شارەی کە لەسەر ئاستی جیھان درێژترین ماوە داخستنی سەرتاسەری بیگرێتەوە.
شارەوانی شارەکە کە لەگەڵ ھەڵگرتنی قەدەغەکراوەکان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دەیەوێت سەنتەری شارەکە بکاتەوە شوێنێکی سەرنجڕاکێش، ھەر بۆیە باڵەخانەی مۆڵەکان، پارک و گۆڕەپانەکان، شەقامە سەرەکییەکان و بازاڕەکان و ئەو شوێنانەی کە خەڵکی زۆری ھاتوچۆی پێدا دەکەن، بەشێوەیەکی رەنگاوڕەنگ بۆ سەری ساڵی رازاندووەتەوە.
شاری مێلبۆرن کە دووەم گەورەترین شاری ئوسترالیایە، بەھۆی داخستنی سەرتاسەری بەڕێژەیەکی گرنگ دووچاری زیانێکی دارایی بووەتەوە، شوێنکارەکانی سەنتەری شارەکە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە تاکو سەری ساڵ جوڵەوە و بووژانەوەی بازاڕیان وەکو پێشتری لێبێتەوە.
لە ئوسترالیا کە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ تۆمارکرا، تاکو ئەمڕۆ ١٩١ ھەزار و ٦٢٥ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ھەزار ٨٩٨ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.