ئه‌مریكا په‌یامی "ئاماده‌ین بۆ دانوستان" به‌گوێی كۆریای باكووردا ده‌دات
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ستیفن بیگه‌ن، ئاشكرایكرد وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه سه‌رله‌نوێ ده‌ست به دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور بكات.
Ankara
ئه‌نقه‌ره- AA
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری كۆبوونه‌وه‌كانی داماڵینی كۆریای باكوور له چه‌كی ئه‌تۆمی، ستیفن بیگه‌ن، ئاشكرایكرد وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه سه‌رله‌نوێ ده‌ست به دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور بكات.
ستیفن بیگه‌ن له سه‌ردانێكدا بۆ كۆریای باشوور، له سیئۆلی پایته‌خت له‌گه‌ڵ هاوتا كۆرییه‌كه‌ی، لی دۆ-هوون، كۆبوویه‌وه و دواتر له لێدوانێكدا، رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر بێت و سه‌رۆك كیم كه‌سێك كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت دیارییبكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته موخاته‌بی من، ئه‌وا ئێمه ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان".
بیگه‌ن جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كان داماڵینی نیمچه دوورگه‌ی كۆریایه له چه‌كی ناوه‌كی له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتیی هه‌میشه‌یی.
- كۆریای باكوور دانوستان ره‌تده‌كاته‌وه
هاوكات له راگه‌یه‌نراوێكدا كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكووره‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌كراوه ئیداره‌ی پیۆنگ یانگ درێژه به دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتۆندا نادات.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه، ئیداره‌ی واشنتۆن له‌وه ده‌رچووه كه نێوه‌ندگیرێكی متمانه‌پێكراو بێت و تێیدا هاتووه: "جارێكی دیكه به‌روونی ده‌یڵێین، نیازمان نییه بۆ دانیشتنی رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا".
دوای ئه‌وه‌ی ستیفن بیگه‌ن له سیئۆل له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باشوور، كانگ كیونگ-وا كۆبوویه‌وه، سبه‌ینێ سه‌ردانی ژاپۆن ده‌كات.