Turkey
ئیستانبوڵ- AA
حكوومه‌تی لیبیا پلانی هه‌یه له‌رێگه‌ی "گاردی نیشتمانیی"ه‌وه له هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی رۆڵێك بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان و تێكه‌ڵاوكردنی گرووپه چه‌كداره‌كاندایه و گفتوگۆ له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی پرۆژه‌كه، كه به ئاڕاسته‌ی پێشنیاره‌كانی ئه‌مریكا په‌ره‌ی پێدراوه و ئه‌نجامه گریمانه‌كراوه‌كانی، ده‌كرێت.
گاردی نیشتمانیی له پێكهاته‌ی هێزه ئه‌منییه‌كاندا له‌نێوان هێزه‌كانی سوپا و پۆلیسدا ده‌بێت و هاوشێوه‌ی جه‌ندرمه له توركیا و گاردی نیشتمانیی له جه‌زائیر ده‌بێت.
سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای لیبیا، جه‌نه‌راڵ محه‌مه‌د شه‌ریف، له نووسراوێكدا كه رۆژی ٢٨ی ئایار بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی لیبیا، فائیز سه‌راجی ناردووه، به‌پێویستی زانیوه سوپا له‌لایه‌ن گاردی نیشتمانیی، كه داده‌مه‌زرێت، پشتیوانیی بكرێت.
پلانه‌كه به جۆرێكه گرووپی چه‌كداریی "شۆڕشگێڕانی ١٧ی شوبات" كه دوای شۆڕش دامه‌زراوه، له‌رێگه‌ی گاردی نیشتمانییه‌وه تێكه‌ڵاوی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ربه ده‌وڵه‌ت بكرێت. له‌كاتێكدا دامه‌زراندنی گاردی نیشتمانیی له‌لایه‌ن به‌شێك له لیبییه‌كانه‌وه وه‌ك خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له‌ڕووی تێكه‌ڵاوكردنی هێزه چه‌كداره‌كان به هێزه‌كانی سه‌ربه حكوومه‌ت ته‌ماشا ده‌كرێت، هاوكات به‌شێكی دیكه له لیبییه‌كان نیگه‌رانن له ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتنی پرۆژه‌كه.
- رووبه‌ری كاری گاردی نیشتمانیی
له كاتێكدا بیر له‌وه ده‌كرێته‌وه كه گرنگترین ئه‌ركی گاردی نیشتمانیی بریتیی بێت له "پارێزگارییكردن له سرووشتی سڤیلی ده‌وڵه‌ت"، رێگه به هیچ گرووپێك له دره‌وه‌ی یاسا نادرێت، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه خه‌لیفه حه‌فته‌ر ئه‌نجامیدا، هه‌وڵی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بدات.
جگه له‌و ئه‌ركه، گاردی نیشتمانیی ده‌سته‌به‌ری پشتیوانیی له هێزه ئه‌منییه‌كان له وشكانیی، ده‌ریا و ئاسماندا، ده‌كات.
هه‌روه‌ها گاردی نیشتمانیی پشتیوانیی پێشكه‌ش ده‌كات له پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت كه له ماوه‌ی نزیكی رابردوودا گرفتی ئاسایشینا هه‌بوو، به‌وشێوه‌یه‌ش زیانی ملیاره‌ها دۆلار كه به‌هۆی نه‌بوونی ئاسایشی به‌رهه‌مهێنانه‌وه له وڵاته‌كه كه‌وتووه، رێگریی لێده‌كرێت.
- چه‌ندین جاری دیكه په‌یوه‌ندییكردنی گرووپه چه‌كداره‌كان به ریزی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه تاقیكراوه‌ته‌وه
پێشتر چه‌ندین جاری دیكه هه‌وڵدرا هێزه چه‌كداره شۆڕشگێڕه‌كان، بخرێنه نێو پێكهاته‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه.
یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای لیبیا له دوای رووخانی حکوومەتی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، یوسف مه‌نگوش، توانی له‌رێگه‌ی پێكهاته‌یه‌ك كه ناوی "قه‌ڵغانه‌كان"ی لێنا و له هێزه شۆڕشگێڕه‌كان پێكهاتبوو، رێگریی له‌وه بكات كه هێزه‌كانی سه‌ربه حه‌فته‌ر ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی وڵاته‌كه‌دا بگرن.
له كاتێكدا كه له ساڵی ٢٠١٥دا كۆنگره‌ی نیشتمانیی كه رۆڵی په‌رله‌مانی لیبیا ده‌بینێت، بڕیاری له دامه‌زراندنی گاردی نیشتمانیی داوه، به‌ڵام پلانی دامه‌زراندنه‌كه به‌هۆی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی سه‌ربه حه‌فته‌ر و سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، نه‌توانرا بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
دوای له چالاكی خستنی داعش له كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦دا، ئه‌وه راگه‌یه‌نرا كه هێزه‌كانی پاسه‌وانی نیشتمانیی دامه‌زرێنراون به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان حكوومه‌ت و هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه، له مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧دا، هێزه‌كانی پاسه‌وانی نیشتمانیی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و شه‌رعییه‌تی له‌ده‌ستدا.
پاش واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌ی سوحێرات له‌نێوان لایه‌نه‌كانی لیبیادا له مه‌غریب و ده‌ستبه‌كاربوونی حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانیی، له ساڵی ٢٠١٨‌دا یه‌كه‌یه‌كی پاسه‌وانیی به‌ناوی گاردی سه‌رۆكایه‌تیی دامه‌زرێنرا.
دوای ئه‌وه‌ی كه هێزه‌كانی سه‌ربه خه‌لیفه حه‌فته‌ر له مانگی نیسانی ٢٠١٩دا ده‌ستیان به په‌لاماردانی ته‌رابلوسی پایته‌خت به‌مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كرد، گاردی سه‌رۆكایه‌تیی چووه ریزی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌پێناو تێكشكاندنی هێرشه‌كان و له مانگی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵدا، هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
- سووربوونی ئه‌مریكا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییكردنی گرووپه چه‌كداره‌كان به ریزه‌كانی سوپای لیبیاوه
ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه حكوومه‌تی لیبیا چه‌ندین سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، سووره له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان له خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتی لیبیا.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه ئه‌مریكا چه‌ندین جار بڵاویكردووه‌ته‌وه كه به‌ره‌وپێشچوون هاتووه‌ته ئاراوه و خوازیاره كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی سه‌ربازیی له‌سه‌ر شێوه‌ی ٥+٥ به سه‌رپه‌رشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ده‌ستپێبكات.
واشنتۆن به‌پێویستی ده‌زانێت له لیبیا هێزگه‌لێكی ئه‌منیی هه‌بن كه بتوانرێت چاودێریی بكرێن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و هۆشداریی ئه‌وه‌ش ده‌دات كه گرووپه چه‌كداره‌كان، میلیشیاكان و شه‌ڕكه‌ره بیانییه‌كان له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن