Zana Natık Kerem
21 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە بەھیچ لە بڕیاری ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی پاشگەزنابنەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ھەوڵدەدەن لە ماوەی شەش ساڵدا، ئاستی ھەناردەکردنی نەوت زیاد بکەن و بگەیەننە ھەشت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمڕۆ ھەینی، عەلی زەیدی لە ھەشتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا، کە لەلایەن پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ لە بەغدا رێکخراوە، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە پرسەکانی مووچە، کەرتی نەوت، سنووردارکردنی چەک لەلایەن دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی پرسی مووچە ئاماژەی بەوەدا کە لە بوودجەی گشتی ٢٠٢٧دا، تەواوی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دەستەبەر کراوە و ڕاشیگەیاند بەھۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێی ئابووری لە بەکاربردنی سووتەمەنی ناوخۆییدا، توانراوە ١٧ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار وەک زیادەی دارایی لە ماوەی ساڵێکدا بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە.
عەلی زەیدی سەبارەت بە کەرتی نەوت ڕایگەیاند کە عێراق ھەوڵدەدات پشکی لە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگای ڕێکخراوی ئۆپێکەوە زیاد بکات و گوتی: "ھەوڵدەدەین لە ماوەی شەش ساڵدا، ئاستی ھەناردەکردنی نەوت زیاد بکەین و بگەیەننە ھەشت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد کە ئێستا جگە لە بەندەری جەیھان لە تورکیاوە، ھەروەھا ھەوڵدەدەن نەوت لە ڕیگای بەندەرەکانی بانیاس لە سووریا و عەقەبە لە ئوردن، ھەناردە بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی سەبارەت بە پرسی سنووردراکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە ڕایگەیاند کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ڕەتیشی کردەوە کە ھیچ ئەگەرێکی پێکدادانی سەربازی لە ئارادا بێت و گوتی: "رێگە نادەین دووژمنان ھیچ دەرفەتێک بۆ تێکدانی دۆخی عێراق بقۆزنەوە".
عەلی زەیدی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی جەختی لەوە کردەوە کە سوورن لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی و گوتی: "بەھیچ شێوەیەک لە بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پاشگەزنابینەوە و لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر ئەو پرسە بەشێوەیەکی فراوان پاڵپشتیمان لێ دەکەن".