Sarmand Hameed
05 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2019
غەززە - AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باکووری کەرتی غەززە و ئیسرائیل، ٨٣ خۆپیشاندەر برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە، لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە، ٨٣ خۆپیشاندەر برینداربوون.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە دۆخی تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ئەمڕۆ ھەینی بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەى گەورە، هەزاران فەڵەستینی روویان لەو خیوتانە کرد کە بە درێژایی سنووری نێوان رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل ھەڵدراون.
سوپای ئیسرائیل ئەو رێپێوانە کە بە ئاشتی بەڕێوەدەچێت سەرکوت دەکات و بە ھۆیەوە تاکو ئێستا دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و بریندارکراون.