Zana Natık Kerem
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2017
رامەڵڵا ــ AA
كۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستینی رایگەیاند "هەزار و ٧٩٥ فەڵەستینی لە كەناری رۆژئاوا و كەرتی غەززە لە میانی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەتییەكان دژ بە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس، بریندار بوون و سەرجەمیان لە لایەن تیمەكانی مانگی سووری فەڵەستینییەوە چارەسەریان بۆ كراوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، كۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستینی ئاماژەی بەوەداوە كە لەو ژمارەیە لە كەناری رۆژئاوا ، ١٢١ کەس بە گولـلەی راستەقینە و ٣٤٦ کەس بە گولـلەی پلاستیكی بریندار بوون و هەروەها هەزار و ٢٣٩ کەسی دیکە بە هۆی هەڵمژینی گازی فرمێسكڕێژەوە تووشی هەناسەسواری بوون.
هەر بە پێی بەیاننامەكە لە كەرتی غەززەش، ٤٣ فەڵەستینی رووبەڕووی لێدان بوونەتەوە و ٣٧ی دیكەش بە هۆی هەڵمژینی گازی فرمێسكڕێژەوە تووشی هەناسەسواری بوون و نۆی دیكەش بە هۆی بۆردومانەوە بریندار بوون.
لە رۆژی هەینی رابردووە لە زۆربەی شارەکانی فەڵەستین، وڵاتانى عەرەبى و ئىسلامى خۆپیشاندانی ناڕەزاییەتی دژ بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس، بەڕێوەدەچێت.
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.