Azad Mohammed Abdullah
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر- AA
ئەمڕۆ سێشەممە تەلاری ئینستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی لە هەولێر کرایەوە، ئامانجی ئینستیتۆکە راهێنانە بە کارمەندانی حکوومەت لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی وIT و بابەتە تەکنییەکانی دیکە.
لە وتارێکیدا سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى لە میانى رێوڕەسمی کردنەوەى پەیمانگەى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى وێڕاى سوپاسى بۆ کۆریاى باشوور و بەخێرهێنانى میوانەکان گوتى: "بەڕێزان لە دونیاى ئەمڕۆدا پەرەپێدانى سەرچاوە مرۆییەکان گرنگن بۆ گۆڕانکارى پێشکەوتن. لە سەرجەم سێکتەر و جومگە سەرەکییەکان بە تایبەتى لە بوارەکانى حکومڕانى و کارگێڕیدا، چونکە گۆڕانکارى و پێشکەوتنى ریشەیی هەر لەوێوە سەرچاوە دەگرێت و دواجار دەرئەنجامەکانى لە بەرەوپێشوەچوونى سەرجەم سێکتەرەکانى وەک کارگێڕى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى و فەرهەنگیدا دەردەکەون".
گوتیشى: "بۆ هەبوونى سەرچاوەى مرۆیی لێهاتوو و بە توانا ئەو سەرچاوەیە زۆر زۆر گرنگە، یەکێک لە پایە سەرەکییەکان بۆ دروستکردنى سەرچاوەیەکی مرۆیی بەهێز بریتییە لە راهێنان کە مەبەست لێى بەهێزکردنى کارمەندە لە زانیارى و مەعریفەى تازە لە بوارەکەیدا تا دەستنیشانکردن و کار بۆ بەدیهێنانیان دەکات، زانیارییەکان رۆژ بە رۆژ لە پێشکەوتندان، بۆیە تاوەکو حکوومەت و دامەزراوەکانیان بتوانن لەگەڵ رەوتى حوکمڕانى باشى سەردەمدابن، پێویستە راهێنان بکرێتە ستراتیجی و لە چوارچێوەى ستراتیجییەتی پەرەپێدانى مرۆیی وڵاتدا جێگەى خۆى بگرێت".
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە پێداویستى ماددى و مەعنەویدا و گوتى: "پێویستە هەموو لایەک پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنى یاسا و رێنمایی تایبەت بە راهێنانەوە بە مەبەستى پەرەپێدانى هزر و تواناى هونەرى و کارگێڕى لەسەر بنەماى سەردەماییانە، بۆیە دەبێت هەموو پێداویستییەکى ماددى و مەعنەوى بۆ ئەم مەبەستە فەراهەم بکرێت".
هەروەها گوتى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان خاوەن سەرمایەیەکى دەوڵەمەندى مرۆییە لە پسپۆرى و تایبەتمەندى بوارەکاندا دەوڵەمەندە و عەقڵى لێهاتووی هەیە، ئەگەر ئەو دەوڵەمەندییە بە شێوازێکى زانستى و بە پێى ستاندارتە جیهانییەکان ئامادە و ئاراستە بکرێت لە هەموو بوارەکاندا سوودێکى زۆر بۆ کاراتر و چالاککردنى کارمەندان، کادیران و فەرمانگەکان و دامەزراوە حکوومییەکان هەموو دامەزراوە کارگێڕییەکان و پێشکەشکردنى باشترى دەبێت، بە پێى ئەم ئەزموونەى ئینیستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى پێشکەشى کردووە چاوەڕوان دەکرێت و ئومێدمان زۆرە کردنەوەى ئەم باڵەخانەیە تازەیە کە کاریان دەستپێدەکات لێرە، ببێتە سەرەتایەکى تازەى بەرهەمدارتر لە بوارى کارگێڕیدا، بتوانن باشتر هاوکارى حکوومەت بکەن بۆ ئامادەکردن و ئاراستەکردنەوەى توانا مرۆییەکان، تاوەکو حکوومەت بتوانێت ئەو دەوڵەمەندییە مرۆییەى خۆى باشتر بەکاربهێنێت، ئینستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى کە لەگەڵ پێکهێنانى کابینەى حەوتەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە بووە دەزگایەیەکى حکوومی سەر بە وەزارەتى پلاندانان".
نێچیرڤان بارزانى لە وتارەکەیدا ئاماژەى بەوەدا کە لە سەرەتاى دەستبەکاربوونى ئینستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى تا ئێستا بە هەزاران کارمەندى حکوومی لە پۆست و پلەى جیا لە بوارە جیاجیاکاندا تیایدا بەشدارییان لە خول و وۆرکشۆپەکان کردووە و بە زانیارى تازە دەوڵەمەند کراون.
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان گوتیشى: "ساڵى ٢٠١٣ لە یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتندا لەگەڵ کۆریاى باشوور لە رێگەى ئاژانسى کۆریا بۆ هاوکارى نێودەوڵەتى پڕۆژەى بونیاتنانەوەى ئینستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى بە بڕى شەش ملیۆن دۆلار پڕۆژەکە واژوو کرا، ئەمەش بۆ نووسینەوەى رەشنووسى یاسا و ستراتیجییەتى راهێنان بۆ هەرێمى کوردستان و ئامادەکردنى ستافی لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنى ئینستیتۆ بوو، لەم پێناوەدا فەرمانبەرانى ئینستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى لە کۆریاى باشوور بە شێوەیەکى چڕوپڕ وەک راهێنەر ئامادەکران و لەگەڵ نۆژەنکردنەوەى ئەم باڵەخانەیە بۆ ئەوەى ببێتە سەنتەرى تازەی ئینستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى کە بە پێى ستاندارە جیهانییەکان بۆ راهێنان ئامادەکراوە".
نێچیرڤان بارزانى هەروەها گوتى: "لێرەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینى خۆم پێشکەش بە دۆستان و هاوکارانمان لە ئاژانسى کۆریا بۆ هاوکارى نێودەوڵەتى و نووسینگەکانیان لە بەغدا و لە هەرێمى کوردستان بکەم کە رۆڵى سەرەکییان لە سەرکەوتنى ئەم پڕۆژەیەدا هەبوو".
ئاماژەى بەوەشدا کە کۆریاى باشوور بەردەوام سەلماندویەتى کە دۆستى گەلى کوردستانە لە ماوەى ساڵانى رابردوو دەستى دۆستایەتى بۆ هەرێمى کوردستان درێژ کردووە، سوپاس و دەستخۆشییان لێدەکەین و رێز و پێزانینمان بۆ دۆستایەتى و پشتیوانیان بۆ هەرێمى کوردستان هەیە دەمەوێت لێرەدا بە بۆنەى کردنەوەى ئەم پڕۆژەیە کە لە لایەن کۆرییەکانەوە جێبەجێکراوە، بە بیرى خۆمان بهێنینەوە کە بۆ هەموو ئەو هاوکارییەى کە تیپى سەربازى زەیتوونی کۆریاى باشوور پێشکەشى هەرێمى کوردستانى کرد و دوای تێپەڕبوونى چەندین ساڵ بە ناوى گەلى کوردستان و حکوومەتى کوردستان سڵاو و رێز بۆ یەکە یەکە ئەو سەربازانە دەنێرین ئەوانەى لەوکاتەدا هاتن بۆ هەرێمى کوردستان کە نزیکەى چوار هەزار کەس دەبوون بە راستى لە ماوەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى لە پارێزگاى هەولێردا پڕۆژەى زۆریان ئەنجامدا، دڵنیابن کە گەلى کوردستان ئەو هاوکارییانەى کۆریاى باشوورى لەبیرە.
لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نیچیرڤان بارزانى داواى لە ئینستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕى گشتى کرد کە بەردەوام بێت لە دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ ناوەند و دەزگا هاوبەشەکانی جیهان بۆ ئەوەى ببنە پردێکى دیکەى پەیوەندى لەگەڵ جیهانى دەرەوە.