Muhammet Ali Kemal
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2016
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد پەیوەندییان لەگەڵ ئەو بەلەمانەدا پچڕاوە کە ویستوویانە لە کوێتەوە بچن بۆ بەحرێن و ١٠ دەریاوانیان تێدا بووە.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن رایگەیاند: ''دەستبەجێ لەدوای رووداوەکەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا قسەمان کرد، زانیاریمان سەبارەت بەوە پێدرا کە کارمەندەکانمان سەلامەتن و دۆخی تەندروستییان باشە. گرەنتی ئەوەمان وەرگرتووە کە دەریاوانەکانمان لەماوەیەکی کورتدا رێگەی تەواوکردنی گەشتەکەیان پێ بدرێت''.
هاوکات جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بێن رۆدس لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند هەوڵەکانیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕانەوەی دەریاوانەکان دەست پێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری بە تەلەفۆن سەبارەت بە بابەتەکە قسەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی محەمەد جەواد زەریف کردووە.
کەناڵی سی ئێن ئێن بەپشتبەستن بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە "بەلەمەکان چوونەتە نێو ئاوەکانی ئێرانەوە بەڵام لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەوەی ئەم کارەیان بەمەبەست یان بێ مەبەستی ئەنجامداوە، بەردەوامە".