Kosar OSMAN
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2016
راویژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکڵ تەقینەوەکەی ئیستانبوڵی ئیدانەکرد و گوتی ئەم کردە تیرۆرستییانە ئەگەر لە سووریا، تورکیا، فەڕەنسا یان ئەڵمانیا رووبدەن، هیچ جیاوازییەک نییە و دیسانەوە دوژمنکاریی تیرۆریستان بەرامبەر بە ئازادی و مرۆڤایەتی دەردەخات.
مێرکڵ رایگەیاند زۆر نیگەران بووە بە بیستنی هەواڵی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ کە تێیدا 8 ئەڵمانی گیانیان لەدەستداوە. ناوبراو گوتی زانیاریی لەبارەی ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی قوربانیان نییە. ناوبراو بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی ئەو قوربانیانە کرد.
راوێژکارەکەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە بە رێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو کردووە. هەروەها گوتی کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستە کراوە.
مێرکڵ پێیوایە تیرۆریستان خاڵە جیاجیاکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەکەنە ئامانج بەڵام تاکە مەرامێکیان هەیە کە ئەویش دروستکردنی پشێوی قەتیسکردنی ئازادییەکانە.
جێی ئاماژەیە مانگی تشرینی دووەمی 2015 تەقینەوەیەک لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا روویدا و 100 قوربانی لێکەوتەوە. ئەمڕۆیش تەقینەوەیەک لە بەردەم مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدی ئیستانبوڵ روویدا کە بووە هۆی کوژرانی 10 کەس.