Heman Hussein Yaseen
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش، دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری لە گوندی ئۆزاڵ ستی و قەزای بنەسڵاوە راگەیاند کە بڕێکی زۆر ماددەی ھۆشبەر و چەکی جۆراوجۆری بێ مۆڵەتیان لەلابووە.
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لە راگەیەنداروێکدا بڵاویکردووەتەوە کە شەوی رابردوو، تۆمەتبارێکی داواکراو بەناوی (ا.م.ح) لەلایەن ھێزەکانیانەوە لە گوندی ئۆزاڵ ستی لە شاری ھەولێر دەستگیرکراوە و دەستگیراوە بەسەر بڕی پێنج کیلۆ و نیو ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، ٥٠ گرام حەشیش و ١١٥ شیت حەبی ھۆشبەری سۆمەدرین.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ھەمان شەو لە کێڵگەیەکی نزیک گوندی پونگینە لە پشت بنەسڵاوە توانرا تۆمەتبار (ع،م،ع) دەستگیر بکرێت کە لەگەڵ تۆمەتبار (ا.م.ح) گرووپێک بوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە میانی هەڵەمەتەکەدا، دەستیان بەسەر ١٥٠ پارچە چەکدا گرتووە کە پێکھاتبوون لە ٨٠ کڵاشینکۆفی جۆراوجۆر، ٣٦ دەمانچە، یەک قەنناس، ١١ تاپڕ و ٢٩ دووربین.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ھەردوو تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و دراونەتە دادگا.