Sinan Doğan
19 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2021
بۆگۆتا – AA
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی کە به‌هۆی تووشبوونیان به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له مه‌كسیك گیانیان له‌ده‌ستداوه كه دوای به‌ڕازیل له ئه‌مریكای لاتین ڤایرۆسه‌كه به‌توندترین شێوه كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر ئه‌و وڵاته، ٢٥٠ هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه.
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی مه‌كسیك له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٩٤٠ تووشبووی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌مه‌یش ژماره‌ی ئه‌وکەسانه‌ی له‌و وڵاته به‌هۆی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه، گه‌یشتووه‌ته ٢٥٠ هه‌زار و ٤٦٩ كه‌س.
هه‌روه‌ها ٢٨ هه‌زار و ٩٥٣ كه‌سی دیكه تووشی كۆرۆنا بوون، ئه‌مه‌یش به‌رزترین ژمارەی تووشبوونه به‌هۆی كۆرۆنا له ده‌سپێكی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌وه تا ئێستا، كۆی گشتی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌و په‌تایه گه‌یشتووه‌ته سێ ملیۆن و ١٥٢ هه‌زار و ٢٠٥.
هه‌روه‌ها دوو ملیۆن و ٤٧٠ هه‌زار و ٣٣ تووشبووش چاكبوونه‌ته‌وه.
به‌هۆی زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به كۆرۆنا له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، پڕی یهكهکانی چاودێری چڕ له ژماره‌یه‌ك له پارێزگاكانی ئه‌و وڵاته گه‌یشتووه‌ته له سه‌دا ٩٠.
له میانی هه‌ڵمه‌تی به‌كارهێنانی ڤاكسیندا تا ئێستا، زیاتر له ٤٠ ملیۆن دۆزی یه‌كه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا و زیاتر له ٢١ ملیۆن كه‌سیش دۆزی دووه‌می ڤاكسینه‌كه‌یان به‌كارهێناوه.
دانیشتووانی مه‌كسیك ١٢٦ ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه و به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی ماڵپه‌ڕی Worldometers كۆی كردوونه‌ته‌وه، مه‌كسیك له ریزی پازده‌هه‌مینی ئه‌و وڵاتانه‌دا دێت كه زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به كۆرۆنای تیادا تۆمار كراوه.