Rewa Mahmood Hasan
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی - AA
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی کۆرۆنا لە شارەکە و بەسەرکردنەوەی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان کە لە ئەرکی بەرەنگاری کۆرۆنادا خزمەتێکی گەورەی شارەکەیان کردووە، ژمارەیەک نەخۆشخانەی لە پارێزگای سلێمانی بەسەر کردەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی ئەنجامدا.
سامان بەرزنجی لە میانی هاتنەدەرەوەی لە نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان داو گوتی: ''ئێمە ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانی-مان کرد بۆ بەسەرکردنەوەی دامودەزگاکانی تەندروستی، بەداخەوە بەڕێوەبەری گشتی بەهۆی ناساغی و ئەنجامدانی پشکنین، ناچاربووین لەگەڵ جێگرانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی پێکەوە سەردانەکەمان ئەنجام بدەین بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی نەخۆشخانەکان و گوێگرتن لەداواکاریەکانیان".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لەبارەی پلانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گوتی: ''لە سەردانەکەدا کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و تێیدا گوێمان لە راوبۆچوون و پێشنیازەکان گرت تاوەکو پلانێکی تۆکمە دابڕێژین بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و سەرجەم بوارەکانی تری تەندروستی، لێرەوە سوپاسی سەرجەم پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکەم کە لە میانی هەشت مانگە لە کەرتی تەندروستییدا لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا بەردەوامن لە سەرجەم قۆناغەکاندا. هیوای سەلامەتی بۆ نەخۆشەکان دەخوازین و سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم ئەو کارمەند و پزیشکانە دادەنوێنین کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە ژمارەیان دەگاتە ٥٠ کارمەند، هاوکات سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەم کە بڕی پێنج ملیۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ خێزانی ئەو کارمەندانەی تەندروستی کە گیانیان لەدەستداوە".
سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتیش وەزارەتی تەندروستی پلانێکیان لەبەردەستە کە لە رووی ئیمتیاز و خزمەت وەک خانەنشینی، پرۆژەیەکیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی خانەوادەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.