Sarmand Hameed
13 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد کە، لە ۲٤ کاتژمێری رابردوودا هیچ حاڵەتێکی تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
سامان بەرزنجی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ۷۹۲ پشکنین ئەنجامدراوە، دەرەنجام هیچ حاڵەتێکی تووشبووی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە پشکنینەکان لە هەموو شارەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت.
سامان بەرزنجی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تۆمارنەكردنی هیچ حاڵەتێکی تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند رۆژێکدا بەڵگەی ئەوە نییە ڤایرۆسەکە نەماوە یان کۆنتڕۆڵکراوە، هەروەها بەڵگەی ئەوە نییە کە رێكارەكان بشكێنن، ھێشتا ئێمە لە مەترسیداین و ترسناکی ڤایرۆسەکە نەڕۆیشتووە، بەڵام ئەمە ئەنجامێکی باشە و بە پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەکان بەدەستهاتووە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ژیانی خەڵکی ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدانین کە قەدەغەی هاتوچۆ بەتەواوەتی هەڵبگیرێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ڤایرۆسەکە ماوەمان پێویستە و هێشتا نەگەیشتوویەنەتە قۆناغی کۆتایی، تا ئێستا لە جهیاندا ئەم نەخۆشییە کۆنتڕۆڵ نەکراوە تاوەکو ئێمە بڵێین مەترسی نەماوە، بەردەوامیدان بەم رێککارانەی ئێستا دەتوانیین مەترسیی ڤایرۆسەکە کەمبکەینەوە".
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٣٣٠ تووشبووە، لەنێویاندا چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە و ١٦٨ نەخۆش چاکبووەتەوە و ئەوانەی دیکە لەژێر چاودێری پزیشکییدان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.