Sarmand Hameed
11 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ئاشكرایكرد ئەمڕۆ ١٨٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە کە ئەمەش بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوی رۆژانەیە.
سامان بەرزنجی دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و گەڕانەوەی بۆ هەولێر، لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
وەزیری تەندروستیی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق کە تەواوکەری کۆبوونەوەکانی پێشووبوون، بە تێروتەسەلی باسمان لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کرد.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دابینکردنی پێدوایستییە پزیشکییەکان کردووە و رایگەیاند، بۆ دووەم جار وەزارەتی تەندروستیی عێراق بوودجەیەکی بۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم تەرخان کردووه، کە بڕەکەی دوو ملیار دینارە.
ئاماژهی بهوهشكرد وەزارەتی تەندروستیی عێراق چەند گرێبەستێکی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە بۆ دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکیی و پشکنینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە کە پشکی هەرێم لەو پیدوایستییانە بدرێت.
سامان بەرزنجی باسی لەوەشکرد کە داوایان لە وەزیری تەندروستیی عێراق کردووە، رەوشی تەندروستیی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت لە کاتێکدا کە هەرێم بە قەیرانێکی قوڵی داراییدا تێپەڕ دەبێت، هاوکات تاییەتمەندی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت بەوپێیەی دەروازەی سنووری و فڕۆکەخانە لە هەرێمدا هەن و هاتنی گەشتیار و جموجۆڵی تیادا هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سامان بەرزنجی باسی لەوە کرد، لە عێراق پلانی دروستکردنی چەند نەخۆشخانەیەک هەیە و رەزامەندی دراوە کە یەکێک لەو نەخۆشخانانە لە پارێزگای سلێمانی درووستبکرێت کە لەسەر ئەستۆی حکوومەتی ئەڵمانیا دروست دەکرێت.
راشیگەیاند، بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق چونکە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ئەرکێکی قورسە و خەرجییەکی زۆری پێویستە.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان باسی لە رەوشی تەندروستیی هەرێم کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە رۆژ بەرۆژ ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە هەڵکشاندایە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ١٨٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە کە ئەمەش بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوی رۆژانەیە.
باسی لەوەشکرد کە تووشبووەکان ٦١ لە هەولێر، ٨١ لە سلێمانی، پێنج لە هەڵەبجە، دوو لە دهۆک، ١٩ لە گەرمیان و ١٢ لە راپەڕین بووە.
سامان بەرزنجی راشیگەیاند کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە هەزار و ٨٩١ كهس.
گوتیشی: "تەنها ٥٥٩ نەخۆش چارەسەرکراون و لە ئێستادا هەزار و ٢٩٧ نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێری پزیشکییدان"، جهختی لهوهكردهوه کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی هەرێم پڕبوون و ژمارەیەک لە نەخۆشەکان باری تەندروستییان ترسناک و ناجێگریشیان تیادایە.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی راشیگەیاند: "هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن رۆژانە ڤایرۆسەکە زیاتر و خێراتر بڵاودەبێتەوە و ئەو هەڵکشانەی ئەمجارە ترسناکی زیاترە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان باسی لە ترسناکی ڤایرۆسەکە کرد و رایگەیاند لە شوێنی جیا جیا بڵاوبووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن.
سامان بەرزنجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هەموو ئەو هاوکارییانەی بۆ هەرێم هاتوون و ئەوانەی لە داهاتووشدا دێن بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش دەکرێت و لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی رەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستیی ئەمەش بەهەمان شێوە دابەش دەکرێت.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لەبارەی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا هیچ بڕیاریک نییە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و ئەرکەکە کەوتووەتە سەر هاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی و تاک پارێزی.