Abdulhameed Husseın Karam
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
دھۆک - AA
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی دەڵێت، لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندی داین کە دەرمان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.
بە گوتەی سامان بەرزنجی، توانای نەخۆشخانە حکوومییەکان سنووردارە و لە ئەگەری نەمانی شوێن بۆ نەخۆشان، ناچارن رەوانەی نەخۆشخانە تایبەتییەکانیان بکەن.
سامان بەرزنجی هەروەها لەبارەی دەروازی سنووری ئیبراهیم خەلیل و رێکارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لەو دەروازە سنوورییە قسەی کرد و گوتی: "لەبەرئەوەی ئیبراھیم خەلیل دەروازەیەکی سەرەکییە لەگەڵ تورکیا و لەئێستادا، گەشتکردن و جموجۆلی بازرگانی بەرفراوانتر دەکرێت".
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی سەردانی پارێزگای دھۆکی کرد و لە نزیکەوە چاودێری نەخۆشخانەی ئازادی کرد کە بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تەرخان کراوە.
سامان بەرزنجی هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای دھۆک، دەروازەی ئیبراھیم خەلیل-ی بەسەرکردەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
- سەردانی وەزیری تەندروستی بۆ تاقیگەی کۆنترۆڵی جۆریی و پشکنینی خۆراکی ئیبراهیم خەلیل
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان باسی لە ئامانجی سەردانەکەی کرد و گوتی: "لەبەرئەوەی ئیبراھیم خەلیل دەروازەیەکی سەرەکییە لەگەڵ تورکیا و لەئێستادا، گەشتکردن و جموجۆلی بازرگانی بەرفراوانتر دەکرێت، بە تایبەتیش پرسی ئەوەی تورکیا پێشنیازی کردووە ھاوشێوەی پێشوو نەبێت و شوفێرەکان بگوڕدرێن، ھەروەھا کۆمەڵێک بڕیار کە پێشتر دراون دەچنە واری جێبەجێکردنەوە".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "پرسی تێستکردن لەسەر سنوور و فڕۆکەخانەکان بۆ گەشتیاران و شوفێری بارھەڵگرەکان و ھەموو ئەو کەسانەی ھاتوچۆ دەکەن خرایە بەرباس، ھەروەھا سەردانی بنکەی تەندروستیش-مان کرد کە سەنتەرێکی زۆر باشە و پشکنیینەکان لە ھەمان رۆژ دەدرێنەوە. سەردانی تاقیگەی کۆنترۆڵی جۆریی و پشکنینی خۆراک کرا و لە نزیکەوە زانیارییمان وەرگرت لە کۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەری دەروازەی ئیبراھیم خەلیل باس لە رێکارەکانی تەندروستی کرا کە ئەمانە رێکاری زۆر گرنگن نەوەک تەنها لە ئیبراھیم خەلیل، باشماغ، حاجی ئومەران و پەروێزخان بەڵکو لەنێو فڕۆکەخانەکانیش ئەنجامدەدرێن و بە میدانی و لە نزیکەوە چاودێری ھەموویان دەکەین تاکو بزانین لە چی ئاستێکدایە".
- "داواکارین دەرمان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت"
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە بارەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق، حەسەن تمیمی گوتی: "ئەگەری ھەیە لە ھەفتەی داھاتوودا، سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و ئێمە رۆژانە بۆ پرسی تەندروستی لە پەیوەندیداین و پرسی دابینکردنی دەرمان کە عێراق بۆ ھەموو پارێزگاکان دابینی دەکات و بۆ ئەوەی بەشی ھەرێمی کوردستانیش بنێردرێت ئەوا ئەمڕۆ ئەم پرسە تاوتۆی دەکەین".
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند "تا ئێستا دووجار لەو بوودجەیەی کە بۆ تەندروستیی عێراق تەرخانکراوە بەشی ھەرێمی کوردستانیان داوە و ھەرکاتێک کە پاڵپشتی نێودەوڵەتیی بۆ بەغدا دابین کرابێت ئێمەیش داوامان کردووە و ئێمە تا رادەیەکی باش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە پەیوەندی و ھاوکاریدان".
- "ئەگەر لە نەخۆشخانەکان شوێن بۆ نەخۆش نەمێنێ رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەتیان دەکەین"
سامان بەرزنجی لە بارەی وەرگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و نرخی وەرگرتنی نەخۆش و پشکنین گوتی: "ژمارەیەک لەو قەرەوێلانەی کە بۆ چاودێری چڕن لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دانراون ئەگەر لە نەخۆشخانە گشتییەکان شوێن نەمێنێت ئەوا ئێمە نەخۆش رەوانەی لای کەرتی تایبەت دەکەین بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت، لەوێ دەخەوێندرێن و ئەوە دەبێت بە خۆڕایی بێت و ژمارەیەک نەخۆشخانە ئیستجابەی باشیان ھەبووە و ئێمەیش چاودێری دەکەین و تیمی ھاوبەشمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی سەردان و پشکنین بکات".
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەگەڵ سەندیکای پزیشکانی کوردستان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە نەوەک تەنها لە نرخی بینینی نەخۆش، بەڵکو ھەندێک تیمی گەڕۆک بەبێ مۆڵەت سەردانی ماڵانیان کردووە ئەوەیش بەبێ مۆلەت قەدەغەیە و دەست بەسەر دەکرێن".
- "٧٥٠ کارمەندی تەندروستیی لە ھەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون کە ٥٥یان لە دهۆکن"
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی تووشبوونی ٧٥٠ کارمەندی تەندروستیی لە ھەرێمی کوردستان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گوتی: "بەداخەوە بەڵێ ژمارەیەکی زۆری کارمەندی تەندروستیی تووشبوون، تەنها لە دھۆک ٥٥ کارمەندی تەندروستیی تووش بوون".
بە گوتەی وەزیری تەندروستی هەرێی کوردستان ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی کە تووشی کۆرۆنا بوون گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەکیش چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.